"سزای سێدارە سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین و مافی ژیانە"

٢٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، توێژەری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکاری مافی ژنانیان شەرمەزار کرد و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دژی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاری مافی ژنان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بە ناوهێنانی سزای لەسێدارەدان بە نامرۆڤانە و دڕندانە بۆ هەمووان، نیگەرانی خۆیان لە دۆخی ئەو زیندانیانە دەربڕی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، یان مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

 

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە بەم شێوەیەیە:

"ئێمە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵ و ناڕەزایی توند لە دۆخی سەرجەم زیندانیانی سیاسی سزادراو یان ملکەچی سزای لەسێدارەدان و لە بنەڕەتدا دژی سزای نامرۆڤانە و دڕندانە بۆ هەموو خەڵک، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژنە چالاکوانی کورد و توێژەری کۆمەڵایەتی پەخشان عەزیزی بە توندی ئیدانە دەکەین. ئەم سزا نەک هەر پێشێلکردنی ڕوون و ئاشکرای بنەما و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە و پەیمانە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکو دەرکەوتنێکی ڕوونی سەرکوتکردنی سیستماتیکی ئازادی ڕادەربڕین و مافی ژیانە لە ڕژیمی ئیسلامی ئێراندا.

 

پەخشان عەزیزی، کە لە سەردەمی خوێندندا و دواتریش وەک توێژەری کۆمەڵایەتی، هەمیشە بۆ هۆشیاری گشتی و پاڵپشتیکردنی مافەکانی ژنان و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کاری کردووە، ئێستا بەهۆی هەوڵەکانی بۆ داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ڕووبەڕووی سزایەکی بەو شێوە دڕندانە بووەتەوە.

 

هەر لە یەکەم ساتەکانی دەستگیرکردنیەوە هێزە ئەمنیەکان توندوتیژیان ئەنجامدا، بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ و دروستکردنی کەیسێکی ساختە تووشی ئەشکەنجە بوو، لەوانەش بۆ چەند مانگێک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرا بەبێ ئەوەی مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و سەردانکردنی خێزانەکەی هەبێت. سروشتییە کە ئەنجامی پرۆسەیەکی لەو شێوەیە هەرگیز ناتوانێت ببێتە هۆی جێبەجێکردنی دادپەروەری، هەروەک چۆن دواتر پەخشان لە دادگایەکی تەواو نادادپەروەرانەدا و بە زەوتکردنی مافە سەرتاییەکان لە زیندانیەکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

 

سزای لە سێدارەدان بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "یاخیبوون-بەغی" دەرچووە، سەرەڕای ئەو هەموو فشارانەی لەسەری لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، ڕەتیکردووەتەوە هیچ بەشدارییەکی لە ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکاندا هەبێت، پارێزەرەکانیشی بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە: 'پەخشان عەزیزی نەک هەر لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی چەکداریدا بەشداری نەکردووە ، بەڵکو تەنها بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە عێراق و سووریا بووە، لە ئەنجامی تاوانەکانی داعشەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، بە ناچاری چووە کامپەکانی پەنابەرانی جەنگ لە لە ڕۆژئاوای سووریا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یارمەتیدەری کۆمەڵایەتی بووە یارمەتی ئاوارە و بریندارەکانی داوە، تەنانەت لە خودی سزاکەشدا ئاماژە بە هیچ ئۆپەراسیۆنێک یان ململانێیەکی سەربازی پەخشان عەزیزی لەگەڵ هیچ کەسێکی ڕاستەقینە، یاسایی یان ڕێکخراوێکی ناحکومی ئێرانی نەهاتووە'.

 

واژۆکەرانی ئەم بەیانننامەیە، ئەم سزایە تەنها مەترسیەک بۆ سەر ژیانی چالاکوانێکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی نابینن، بەڵکو هەوڵێکی ڕوون و دوور مەودای حکومەتە بۆ تۆڵەسەندنەوەی لە شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)، سەرکوتکردن و بەردەوامی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی ژنان لە ئێرانە.

 

هەروەها داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین که هەڵوێستی خێرا و کاریگەر بەرامبەر بە ئەم سزا و پێشێلکردنی بەرفراوانی مافی مرۆڤ لهلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێران و به کەڵک وەرگرتن له هەموو میکانیزم و تواناکانی یاسایی و دیپلۆماسی رێگری لە جێبەجێکردنی سزای نامرۆڤانە لەلایەن سیستەمی ڕژێمی دادوەری ئێرانەوە بگرن.

 

ڕوونە کە درێژەدان بە پرۆسەی سەرکوتگەری و دەرکردنی سزای قورس وەک لەسێدارەدان بۆ چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی سووڕی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و زیادبوونی هەڵاواردنە بێشومارەکان لە ئێراندا، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەبێت هەنگاوی کارای جددی بنرێت بۆ وەستاندنی ئەم پرۆسەیە.

 

ئەم ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤ، پێیان وایە کە ڕەوتی ڕێوشوێنی دادوەری لە ڕژێمی ئێران بە تەواوی نادادپەروەرانە و جیاکارییە. وێڕای جەختکردنەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و سزادراوانی دیکەی سزای لەسێدارەدان، دەمانەوێت گوشارەکان بۆ سەر دەسەڵاتی دادوەری ڕژێمی ئێران لە لایەن بیروڕای گشتی و چالاکوانانی مەدەنی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چالاکوانان لە ناو و دەرەوەی وڵات لە بواری مافی مرۆڤدا زیاتر ببێت، بێ گومان ئێمە تەنیا بە کۆکردنەوەی هێز و گرتنەبەری ڕێوشوێنی کردەیی کاریگەر دەتوانین سەرکوت و سزا و کوشتنی سیستماتیکی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بوەستێنین.

 

ناوی دامەزراوە واژۆکارەکانی مافی مرۆڤ:

یەکگرتوویی بۆ ئێران

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئێران-جنێڤ کوردستان

کۆمەڵەی خێزانەکانی دادخوازی ئابان

کۆمەڵەی پارێزەرانی ئێران

دامەزراوەی سیامەک پۆرزاند

دامەزراوەی عبدالڕەحمان برومەند

ڕێکخراوی جیهانی کورد

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی شیڤار - بەلوچستان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان

شەش رەنگ

دادپەروەری بۆ ئێران

فێمنا

سەنتەری داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ

کوردپا، ئاژانسی هەواڵی کوردستان

کوردستان تریبوناڵ

هەڵمەتی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ لە ئێران

کەمپەینی چالاکوانانی بەلووچ

سەنتەری داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ

ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس

ڕێکخراوی "هەموو مافەکانی مرۆڤ، بۆ هەمووان، لە ئێران".

ئینستیتیوتی مافەکانی گەلی ئازەربایجان لە ئێران – ئاهراز

هاوار هلپ