"تەنها گفتوگۆی ناوخۆیی دەتوانێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکات"
خالیدە بۆتی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە لە پێناو پاراستنی خاکی سووریا لە هێرش و داگیرکاری، پێویستە حکومەتی دیمەشق دەست بە دیالۆگ لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری بکات.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە- خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٣دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە، کە کۆتایی بە ئازارەکانی ملیۆنان سووری دەهێنێت و خاکی سووریا لە لەشکرکێشی و هێرش دەپارێزێت. لە بەیاننامەکەدا خۆبەڕێوەبەری داوای لە حکومەتی دیمەشق کرد هەڵوێستی بەرپرسیارانە نیشان بدات و یەکڕیزیی خاکی سووریای پشتڕاست کردەوە، کە ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لایەنەکانی دیکەی سووریا دەستپێبکات، بەڵام تا ئێستا حکومەتی دیمەشق سیاسەتێکی یەکلایەنە دەپارێزێت و خۆی لە گفتوگۆ دەپارێزێت.
"دەوڵەتی تورکیا هۆکاری جینۆساید و ئاوارەبوون و تاڵانکردن بوو لە سووریا"
خالیدە بۆتی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە باسی لە دۆخی سووریا کرد و وتی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ململانێکانی سووریا، دەبینین کە خەڵکی ناوچەکە دژی سیستمی تاک حزبی وەستاونەتەوە، چونکە ئەم سیستمە لەناوبەرە، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش خەڵک بەشدارییان لە خۆبەڕێوەبەریدا کرد، چونکە جیاوازە لە سیستمی جیهانی کە ماف و بوونی هەموو نەتەوەیەک دەپارێزێت، لەم ململانێیەدا زۆرێک لە دەوڵەتان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان دەستوەردانیان کرد و تەمەنی ململانێکان لە سووریا درێژتر و قوڵتر کردەوە، یەکێک لەوانە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە کە بە ئامانجی داگیرکردنی خاکی سووریا هێرشی کردە سەر سووریا و تا ئێستاش هێرشەکانی بەردەوامن. لە ئەنجامی هێرشەکاندا کۆچی بەکۆمەڵ ڕوویدا، بۆیە دەبینین ئەوانەی هۆکاری کۆچ و داگیرکردنی خاکی سووریا و لەناوبردنی گەلەکەی بوون، دەیانەوێت پلانە چەپەڵەکانیان جێبەجێ بکەن و گەلی سووریا کۆمەڵکوژ بکەن، لە ئێستادا هەموو ئەو قەیرانانەی کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، هۆکارەکەی دەوڵەتی تورکیایە، قەیرانی ئابوری، قەیرانی ئاو و هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە داگیرکاریانەی کە داعش دروستی کرد و بەسەر گەلی سووریادا هێنا.
"ڕژێمی سووریا هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١١"
خالیدە بۆتی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە حکومەتی دیمەشق ئەو سیستمە لەبەرچاو بگرێت و قبووڵی بکات کە گەل بۆ پاراستنی بوونی خۆی هەڵیبژاردووە و ماوەی ١٣ ساڵە لەسەر ئەم سیستمە بەرەنگاری و شەڕ و ڕێکخستن بەڕێوە دەبات، چونکە ڕاستییەک هەیە کە هەر لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریاوە خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجە و هێرش و کوشتن و کۆچکردن بووەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ دەبینین دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت چارەسەری قەیرانی سووریا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق تاوتوێ بکات، بەڵام ئێمە دەڵێین هەریەکەیان دەیانەوێت دەسەڵات لە کەسایەتی خۆیاندا ڕوون بکەنەوە، هەردووکیان ستەمکار و فاشیستن. ئەوان ئەو سیستمە قبوڵ ناکەن کە خەڵک بۆ پاراستنی بوونی خۆیان و بنیادنانی داهاتوویان هەڵیبژاردووە، بۆیە پلانی زۆر لە دژی ئەم سیستمە دادەنرێت و هێرشەکان بۆ سەر خاکی سووریا بەردەوامن، حکومەتی دیمەشق بێدەنگە، هەوڵدەدات ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگەیەنێتە ئەو دۆخەی پێش ساڵی ٢٠١١، لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورک تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمەش بەو واتایە کە دەیەوێت قەیرانی ئێستا قووڵتر بکاتەوە و دژی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری بوەستێتەوە.
"گفتوگۆی ناوخۆیی کۆنتڕۆڵکردنی چارەنووسی سووریایە"
خالیدە بۆتی جەختی لە گرنگی گفتوگۆی ناوخۆیی نێوان هێزەکانی سووریا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە دەبێتە چارەسەر، "قبوڵنەکردنی ئەو گفتوگۆیە ئایندەی سووریا دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و زیان بە خەڵکی سووریا دەگەیەنێت، داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکەین لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری دیالۆگ بکاتەوە و باس لە ئایندەی گەلی سووریا بکات، کاتی گفتوگۆیە و ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی خاکی سووریا و گەلەکەی، چارەسەر دیالۆگی ناوخۆییە، گفتوگۆ لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان هیچ چارەسەرێک ناهێنێتە ئاراوە، چونکە چارەنووسی گەلی سووریا لە دەستی خەڵکی سووریایە و ئەمە دەتوانێت خاکی سووریا لە هێرش و داگیرکاری ڕزگار بکات.