"تەنها گفتوگۆی ناوخۆیی دەتوانێت ناکۆکییەکان چارەسەر بکات"

خالیدە بۆتی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە لە پێناو پاراستنی خاکی سووریا لە هێرش و داگیرکاری، پێویستە حکومەتی دیمەشق دەست بە دیالۆگ لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری بکات.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٣دا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسییانە، کە کۆتایی بە ئازارەکانی ملیۆنان سووری دەهێنێت و خاکی سووریا لە لەشکرکێشی و هێرش دەپارێزێت. لە بەیاننامەکەدا خۆبەڕێوەبەری داوای لە حکومەتی دیمەشق کرد هەڵوێستی بەرپرسیارانە نیشان بدات و یەکڕیزیی خاکی سووریای پشتڕاست کردەوە، کە ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لایەنەکانی دیکەی سووریا دەستپێبکات، بەڵام تا ئێستا حکومەتی دیمەشق سیاسەتێکی یەکلایەنە دەپارێزێت و خۆی لە گفتوگۆ دەپارێزێت.

 

"دەوڵەتی تورکیا هۆکاری جینۆساید و ئاوارەبوون و تاڵانکردن بوو لە سووریا"

خالیدە بۆتی، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی حەسەکە باسی لە دۆخی سووریا کرد و وتی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ململانێکانی سووریا، دەبینین کە خەڵکی ناوچەکە دژی سیستمی تاک حزبی وەستاونەتەوە، چونکە ئەم سیستمە لەناوبەرە، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش ​​خەڵک بەشدارییان لە خۆبەڕێوەبەریدا کرد، چونکە جیاوازە لە سیستمی جیهانی کە ماف و بوونی هەموو نەتەوەیەک دەپارێزێت، لەم ململانێیەدا زۆرێک لە دەوڵەتان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان دەستوەردانیان کرد و تەمەنی ململانێکان لە سووریا درێژتر و قوڵتر کردەوە، یەکێک لەوانە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە کە بە ئامانجی داگیرکردنی خاکی سووریا هێرشی کردە سەر سووریا و تا ئێستاش هێرشەکانی بەردەوامن. لە ئەنجامی هێرشەکاندا کۆچی بەکۆمەڵ ڕوویدا، بۆیە دەبینین ئەوانەی هۆکاری کۆچ و داگیرکردنی خاکی سووریا و لەناوبردنی گەلەکەی بوون، دەیانەوێت پلانە چەپەڵەکانیان جێبەجێ بکەن و گەلی سووریا کۆمەڵکوژ بکەن، لە ئێستادا هەموو ئەو قەیرانانەی کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، هۆکارەکەی دەوڵەتی تورکیایە، قەیرانی ئابوری، قەیرانی ئاو و هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە داگیرکاریانەی کە داعش دروستی کرد و بەسەر گەلی سووریادا هێنا.

 

"ڕژێمی سووریا هەوڵدەدات بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١١"

خالیدە بۆتی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە حکومەتی دیمەشق ئەو سیستمە لەبەرچاو بگرێت و قبووڵی بکات کە گەل بۆ پاراستنی بوونی خۆی هەڵیبژاردووە و ماوەی ١٣ ساڵە لەسەر ئەم سیستمە بەرەنگاری و شەڕ و ڕێکخستن بەڕێوە دەبات، چونکە ڕاستییەک هەیە کە هەر لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریاوە خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئەشکەنجە و هێرش و کوشتن و کۆچکردن بووەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ دەبینین دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت چارەسەری قەیرانی سووریا لەگەڵ حکومەتی دیمەشق تاوتوێ بکات، بەڵام ئێمە دەڵێین هەریەکەیان دەیانەوێت دەسەڵات لە کەسایەتی خۆیاندا ڕوون بکەنەوە، هەردووکیان ستەمکار و فاشیستن. ئەوان ئەو سیستمە قبوڵ ناکەن کە خەڵک بۆ پاراستنی بوونی خۆیان و بنیادنانی داهاتوویان هەڵیبژاردووە، بۆیە پلانی زۆر لە دژی ئەم سیستمە دادەنرێت و هێرشەکان بۆ سەر خاکی سووریا بەردەوامن، حکومەتی دیمەشق بێدەنگە، هەوڵدەدات ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگەیەنێتە ئەو دۆخەی پێش ساڵی ٢٠١١، لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورک تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمەش بەو واتایە کە دەیەوێت قەیرانی ئێستا قووڵتر بکاتەوە و دژی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری بوەستێتەوە.

 

"گفتوگۆی ناوخۆیی کۆنتڕۆڵکردنی چارەنووسی سووریایە"

خالیدە بۆتی جەختی لە گرنگی گفتوگۆی ناوخۆیی نێوان هێزەکانی سووریا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە دەبێتە چارەسەر، "قبوڵنەکردنی ئەو گفتوگۆیە ئایندەی سووریا دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و زیان بە خەڵکی سووریا دەگەیەنێت، داوا لە حکومەتی دیمەشق دەکەین لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری دیالۆگ بکاتەوە و باس لە ئایندەی گەلی سووریا بکات، کاتی گفتوگۆیە و ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی خاکی سووریا و گەلەکەی، چارەسەر دیالۆگی ناوخۆییە، گفتوگۆ لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان هیچ چارەسەرێک ناهێنێتە ئاراوە، چونکە چارەنووسی گەلی سووریا لە دەستی خەڵکی سووریایە و ئەمە دەتوانێت خاکی سووریا لە هێرش و داگیرکاری ڕزگار بکات.