کەسوکاری گیان بەختکردووانی خەلەکان: بێدەنگی هاوبەشیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا
ئەمڕۆ مەراسیمی بەخاک سپاردنی تەرمی گیان بەختکردووانی کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێی خەلەکان بەڕێوەچوو، کەسوکارەکەی ئاماژەیان بەوەدا، بێدەنگی کردن لە ئاستی ئەو تاوانە جگە لە هاوبەشیکردن تێیدا هیچی دیکە نییە، تکایە لەمەودوا هەڵوێست وەربگرن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ مەراسیمی بەخاک سپاردنی تەرمی گیان بەختکردووانی کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێی خەلەکان، کە باوکێک بە ناوی موزەفەر حسێن خدر عەولا ناسراو بە “موزەفەر مۆزۆ” و دوو کوڕی بە ناوەکانی محەمەد موزەفەر و موبین موزەفەر لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرانە ئامانج، لە گۆڕستانی ماکۆک لە شارۆچکەی حاجیاواى سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو.
دوای بە خاک سپاردنەکە کەسوکارەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و ئاوات حەسەن، لەسەر ناوی کەسوکاری ئەو گیان بەختکردووان ڕایگەیاند، بە توندی ئەم تاوانە نامرۆڤایەتییە شەرمەزار دەکەین، ئەمە دەستدرێژیی کردنە بۆ سەر خاک و نیشتیمان، کوشتنی خەڵکی مەدەنیی هیچ پاساوێکی بۆ نییە و پێچەوانەی هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتیی و ئەخلاقییە.
ئاماژەی بەوەشدا، بێدەنگی کردن لە ئاستی ئەو تاوانە جگە لە هاوبەشیکردن تێیدا هیچی دیکە نییە، تکایە لەمەودوا هەڵوێست وەربگرن، نەهێڵن چیتر دەستی غەدر هەر ڕۆژێ ئازاری مەرگی ئازیزانمان پێ بچێژێت، بێ هیچ هۆکارێک هاوشێوەی کاک مزەفەر و هەردوو کورەکەی خەڵتانی خوێن بکرێن، ناکرێت وەک هەمیشە بێدەنگبین و بیر لە چارەسەریی نەکەینەوە، وابڕوات هەر ڕۆژێک نۆرەی یەکێکمانە، بێدەنگی و بێهەڵوێستی لەم هەرێمەدا تا دێت بەڵای گەورەتر و بێزاری قوڵتر دروست دەکات.
لەکۆتاییشدا داوای لە لایەنە پەیوەندییدارەکانی حکومەتی هەرێم کرد، کە بەرپرسیارانە خۆیان بە خاوەنی هاوڵاتییان بزانن بۆ ئەوەی چیدیکە دایکێکی دیکە جەرگ سووتاو نەبێت، ئەو شەهیدانە بە شەهیدی کورد و کوردستان بناسێنێت و هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ بە شەهید ناساندنیان.