لە ماوەی ٥ ساڵدا زیاتر لە ١١ هەزار تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون
بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان زیاتر لە ١١ هەزار تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون و چەندین جۆر ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.

ناوەندی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئامارێکی خستووەتەڕوو کە ئاماژە بە زیادبوونی بەکارهێنەران و بازرگاکانی ماددە هۆشبەرەکان دەکات، بە پێی ئامارەکەش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ١ی ئابی ئەمساڵ، زیاتر لە ١١ هەزار و ١٤٥ تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون.
بە پێی ئامارەکە لەو ١١ هەزار و ١٤٥ تۆمەتبارە، دوو هەزار و ٨٦٧یان بازرگان بوون، لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و ٥٩٦یان سزا دراون.
هەر بە پێی ئامارەکە دەست بە سەر دوو ملیۆن و ٤٠٧ هەزار و ٩١٨ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و ١١٣ هەزار و ٣١١ حەبی هۆشبەردا گیراوە.
کریستال، تلیاک، حەشیش، هیرۆیین، ماریجوانا، جامایکا و کۆکایین لەو جۆرە ماددە هۆشبەرانەن دەستیان بەسەردا گیراوە، ترامادۆل، تریفین، سۆدافید، سۆمادریل، دیازپام، کلونازپام، میاتدۆن، بی توو، ئێکس، کاپتاگۆن و لکزسیش لەو حەبانەن کە دەستیان بەسەردا گیراوە.