فشار لە ژنێک دەکرێت ببێتە سیخوڕ، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەدا

لە شاری سێرت لە باکووری کوردستان، ژنێکی گەنج کەوتە بەر گوشار بۆ ئەوەی ببێتە سیخوڕی پۆلیس، بەڵام سکاڵای لە داواکاری گشتی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا IHD تۆمار کرد.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سێرت- لە چەند مانگی ڕابردوودا سیاسەتی شەڕی تایبەت دژی گەنجانی کورد لە باکووری کوردستان پەرەی سەندووە و ژنانی گەنج بەتایبەتی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، هەڕەشەیان لێدەکرێت و ناچار دەکرێن ببنە سیخوڕ لەلایەن کەسانێکەوە کە خۆیان وەک ئەفسەری پۆلیس نیشان دەدەن.

 

لەم دواییانەدا شتێکی هاوشێوە لە شاری سێرت ڕوویدا، کاتێک ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵ، لە ئۆفیسی بەڕێوەبەری ئەو شوێنە نیشتەجێبوونەی کە تێیدا دەمێنێتەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا.

 

ئێوارەی ڕۆژی ٥ی ئاب، ئەو ژنە گەنجە کاتێک ناوی ڕاگەیەندرا، چووە نوسینگەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، بەڵام لەبری ئەوەی چاوی بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بکەوێت، چەند ئەفسەرێکی پۆلیسی بە جلوبەرگی ئاسایی بینی.

 

"لە نووسینگەی بەڕێوەبەری قوتابخانە لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا کرا"

ئەو ژنە گەنجە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، باسی لە لێکۆڵینەوەکە کرد و وتی: هەر کە چوومە ناو نوسینگەی بەڕێوەبەر، ١٠ پۆلیس بە جلی مەدەنییەوە چوونە ژوورەکەوە ووتیان کە ڕاپۆرتێک لە دژی من هەیە و وێنەکەیان نیشاندام، ڕێگەیان نەدا کەس بچێتە ژوورەکەوە و شتگەلێکی وەک 'تۆ دەمانچەت پێیە'یان دەگوت، 'دەچیتە شاخەکان'، چەند پرسیارێکی زیادەیان لێکردم و پییان ڕاگەیاندم ئەگەر بە قسەیان بکەم ئەوا دەمخەنە زانکۆ، بەڵام من پێسنیارەکانیانم ڕەتکردەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتاییدا گوتیان 'دەمانەوێت پەیوەندیت پێوە بکەین، تەلەفۆنت هەیە؟، کاتێکیش گوتم نەخێر، گوتیان مۆبایلێکم پێدەدەن و منیش ئەمەم قبوڵ نەکرد، بەڵام بە زۆر منیان برد بۆ وەرگرتنی پارە و تەلەفۆنەکە، ڕۆژی دواتر بە هەمان شێوە بەردەوام بوو، دیسان پرسیاریان لەبارەی خزم و کەسوکارمەوە کردم، منیش دووپاتیم کردەوە کە کەس ناناسم و پێشنیارەکەیان قبوڵ ناکەم.

 

وتیشی: ڕۆژی دواتر تەلەفۆنم بۆ باوکم کرد و باسی ڕووداوەکەم بۆ کرد، پاشان چوومە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا-IHD و سکاڵای تاوانکاریم تۆمار کرد، من خوێندکارم و ئەو پێشێلکارییەی مافەکان قبوڵ ناکەم و ئەمە بە تەواوی نایاساییە، بۆیە داوای مافەکانم دەکەم لە دژی ئەم پێشێلکارییە.

 

لە پۆلیسەوە بۆ خێزانەکە: لێک تێنەگەیشتنێک ڕوویدا

دوای گەیاندنی داواکارییەکە بۆ داواکاری گشتی، ئەفسەرێکی پۆلیس لە بەشی پۆلیسی هەرێم پەیوەندی بە باوکی ژنە گەنجەکەوە کرد و وتی: داواتان لێدەکەین ئەم بابەتە زۆر نەوروژێنن، لێک تێنەگەیشتن هەبووە، داوای لێبوردن دەکەین.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا-IHD لقی سێرت، کە داواکارییەکەی سەبارەت بەم دۆسیەیە وەرگرتووە، ڕایگەیاندووە کە بەدواداچوون بۆ کارەکانی دژی پێشێلکردنی مافەکان دەکەن و هەموو داواکارییە پێویستەکانی یاسایی پێشکەش دەکەن.