سەنتەری میترۆ داوای پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و کاندیدانی ژن لە توندوتیژی دەکات

سەنتەری میترۆ داوای بەرێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی ڕێساكان و سیستمی بانگەشەكانی هەڵبژاردن دەکات، هەروەها داوا دەکات کاندیدە ژنەكان لە هەراسانكردن و ڕۆژنامەنووسان لە توندوتیژیی بپارێزرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان داوای بەرێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی ڕێساكان و سیستمی بانگەشەكانی هەڵبژاردن دەکات.

 

بۆ ئەو مەبەستە تیمی سەنتەری میترۆ لەگەڵ یۆرت پۆستهوموس، جێگری كونسوڵی گشتی هۆڵەندا، سیسكا دەڤێڵت، سكرتێری دووەمی كاروباری سیاسی كۆنسوڵخانەی گشتی شانشینی هۆڵەندا کۆبوونەوەو، جگە لە ڕاپۆرتی ساڵانە تیشکیان خستەسەر ئاستەنگی ڕۆژانەی بەردەم كاری ڕۆژنامەنووسان لە ڕووماڵكردن و بەربەستەكانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و توندبوونی وتاری میدیایی پارتە سیاسییەكان بەر لە دەسپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن.

 

هاوکات سەنتەری میترۆ داوای لە كونسڵخانەی هۆڵەندا و دیپلۆماتەكانی یەكێتی ئەوروپا كرد هاوكاربن لە بەرێوەچوونی بانگەشەیەكی هەڵبژاردن كە هەڵقوڵاوی ڕێساكان و سیتمی بانگەشەكانی هەڵبژاردن بێت، هەروەها کاندیدە ژنەكان لە هەراسانكردن و ڕۆژنامەنووسانیش لە توندوتیژیی پارێزراوبن.