دادگای هیندستان بڕیاریدا ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ ژنان بگیرێتەبەر

ماوەی هەفتەیەک زیاترە ناڕەزایەتی دەربڕین دژی دەستدرێژی کردنەسەر و کوژرانی ژنە پزیشکێكی گەنج لە هەرێمی کۆلکاتای هیندستان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هیندستان ژنە پزیشکێکی گەنج لە کاتی کارەکەیدا، دەستدرێژی کرایە سەر و دواتر کوژا، بەو هۆیەوە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە خۆپیشاندانی جەماوەریی لە هیندستان دەستی پێکردووە و داوای پاراستنی ژنان دەکەن، لە ئەنجامی ئەو فشارە جەماوەرییە دادگای باڵای هیندستان بڕیاری دا لیژنەیەکی نیشتمانی بۆ دانانی ڕێوشوێنی توند لەپێناو پاراستنی کارمەندانی تەندرووستی پێکبهێنرێت.

 

خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" داوای دادپەروەریی و فەراهەمکردنی پاراستنی زیاتر بۆ ژنان دەکەن، کە چیتر دەستدرێژی نەکرێتە سەریان و نەکوژرێن.

 

لە ئەنجامی ئەو فشارانەی خۆپیشاندەران و مانگرتنی پزیشکان دادگای باڵای هیندستان بڕیاریدا، لیژنەیەکی نیشتمانی ١٠ ئەندامی پێکبهێندرێت، کە پێشنیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و یاسایی پتەو بکەن لەپێناو پاراستنی کارمەندانی تەندروستی و درووستکردنی ژینگەیەکی کاری سەلامەت بۆ ژنان، لیژنەکە ماوەی دوو هەفتەیان هەیە بۆ پشێکەشکردنی ڕەشنووسی یەکەمی پێشنیارەکانیان و لە ماوەی دوو مانگیشدا دەبێت ڕاپۆرتی کۆتایی بدەنە دادگای باڵای هیندستان تاکو دادگا لەبەر ڕۆشناییدا بڕیاری کۆتایی بۆ پاراستنی ژنان دەربکات.