شاندی دەم پارتی و تەژەئە سەردانی یەکێتی ژنان و شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیان کرد

لە درێژەی سەردانەکەی شاندی دەم پارتی و تەژەئە بۆ لای کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەمڕۆ سەردانی یەکێتی ژنان و شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیان کرد.

سلێمانی

 

ماوەی ٥ ڕۆژە شاندی پارتی یەکسانیی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی و تەڤگەری ژنان ئازاد-تەژەئە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە و لەگەڵ چەند لایەنێک سیاسیی و کەسایەتییەک دیداریان ئەنجامداوە و بڕیاریشە دیدار و چاوپێکەوتنەکانیان لە ڕۆژانی داهاتوودا درێژەی هەبێت.

 

ئەمڕۆ ٣٠ی تەمووز، شاندی باکووری کورستان، کە پێکهاتووە لە هەریەک لە نەورۆز ئویسال، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە شرناخ، گوڵجان کاچماز پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان و ئایشە ئاجار، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، کە لەهەمان کاتدا ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازادن، حەکیم هاتیب، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری کوردستان  سەردانی ڕێکخراوی یەکێتی ژنانی کوردستانیان کرد.

 

لەوبارەوە سەیوان ڕۆستەم، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان وتی: بەخێرهاتنی شاندەکەی باکووری کوردستان دەکەین، لە دانیشتنەکەماندا جەختمان لە پتەوکردنی پەیوەندیەکانمان کردەوە لەگەڵ ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبارەی ئەوە گفتوگۆیان کردووە کە زیاتر هەوڵبدەن پرسی ژنان و نەتەوە بەرەو پێشەوە بەرین و ئێمە هەمووکات دەزانین کێشەکانی ژنان لە هەموو پارچەکانی کوردستان وەکو یەکە بۆیە گرنگە  هەوڵبدەین زیاتر پێکەوە پەیوەندیەکانمان پتەو بکەین و چارەسەری کێشەکان بکەین.

 

هەروەها، گولجان کاچماز پەرلەمانتاری دەم پارتی وتی: لە کۆبونەوەکەدا چەند پرسێکمان تاوتوێ کرد گرنگترینیان، پرسی ئازادیی فیزیکی ڕێبەر ئۆجالان تا بە شێوەیەکی ئاشتی و دیموکراتیکانە چارەسەر بکرێت، لەبارەی ئەو هێرشەی کە دەکرێتە سەر باشوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان گفتوگۆمان کرد، هەروەها بۆ بەهێزکردنی پرسی ژنان باسمان لەوەکرد کە پێویستە پەیوەندیی نێوان ژنان پتەوتر و بەهێزتر بکەین.

 

هەر ئەمڕۆ شاندەکە سەردانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەنەکەیان کردو لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە هیچ زانیارییەک نەخراوەتەڕوو، بەڵام لە سەرجەمی کۆبوونەوەو سەردانەکانی شاندەکە باسی یەکڕیزی کراوە.