بنەماڵەی شەهیدان: پێویستە چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن

بنەماڵەی ئەو شەهیدانەی لە ساڵی ٢٠١٥ لە تل تەمر ئازیزانیان لەدەستداوە داوای لێپرسینەوە لە داعش دەکەن دەڵێن: کاتێک سەیری وێنەی شەهیدان و پاشماوەی تەقینەوەکە دەکەین، وەک ئەمڕۆ، ڕووداوەکە لە بەر چاومان زیندوو دەبێتەوە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ڕۆژی ١٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٥ کاتژمێر ١٧:٠٠ ١٠ چەتەی داعش سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان لە تل تەمر لە سێ شوێن تەقاندەوە، لە بازاڕی حال، بازاڕی فەڵەستین، نەخۆشخانەی مانگی سووری کورد، خەڵکێکی زۆر لەوانە پزیشک و پەرستار و دوکاندار و ڕێبوار و کەسانێک کە لە سێ شوێنەکەدا بوون بۆ کڕین و دابینکردنی پێداویستیەکانیان، گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش برینداربوون.

 

لە ڕزگارییەوە هەتا هێرشی قڕکردن: تل تەمر

تل تەمر یەکێکە لە بچووکترین شارەکانی کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شارەکە ستراتیژێکی گرنگی هەیە، چونکە دەبێتە ئەڵقەی گەیشتن بە کانتۆنەکانی فورات و جزیرە، تل تەمر بەهۆی بچووکی جوگرافیایەوە، ڕووبەڕووی چەندین هێرشی قڕکردن بووەتەوە، لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ شارەکە لەلایەن شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"ەوە ئازادکرا و هێرشی زۆر دەستیپێکرد.

 

تل تەمر نموونەیەکی بچووکی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەرییە

تل تەمر نموونەی یەکگرتوویی گەلان و پێشگرتنە لە هێرشی هێزە تیرۆریستییەکان و ئەو وڵاتانەی پشتیوانیان دەکەن، هێرشەکانی جەبهەت نوسرە و بەکرێگیراوانی داعش بۆ سەر شارەکە لە ١٣ی شوباتی ٢٠١٣ دەستیپێکرد، تا ئێستاش بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن و گەل بەردەوامن لە بەرخۆدان بۆ پاراستنی دۆزی خۆیان، ئەو ساڵەی هێرشەکان زیادیان کرد ساڵی ٢٠١٥ بوو، بەتایبەتی هێرشەکەی ١٠ی کانوونی دووەم و ٢٣ی شوبات.

 

شەمسە سەعید خوشکی حەمیدە کە لە نەخۆشخانەی مانگی سووری کورد کار دەکات و خەڵکی شاری مەنیفەیە، هەروەها کچ و هاوژین و هاوژینی براکەی لەگەڵ دوو خوشکەکەی، لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستدا، شێخا شێرموخ خوشکی ئەحمەد شێرموخ کە لە تەقینەوەکەدا ون بوو، قسەیان بۆ دەزگاکەمان کرد و باسی لە گەشەکردنی ئەو شارەی کرد کە بە خوێنی شەهیدان پارێزراوە.

 

کاتێک چوونە میوانداری خوشکەکەیان، هەرسێکیان بوونە میوانی خاکی پیرۆز

 لە سەرەتای قسەکانیدا شەمسە سەعید سەرەخۆشی لە هەموو کەس و کاری کورد و عەرەب و ئاشووری کرد کە لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستدا و وردەکارییەکانی ئەو ڕۆژەی بەبیرهێنایەوە: ئەوان ماوەی ٥ مانگ و ٩ ڕۆژ میوان بوون، بەڵام تەقینەوەکە کە ڕوویدا هەرسێکیانی کردە میوانی خاکی پیرۆز و هەر سێکیان پێکەوە ژیانی خۆیان لەدەستدا، ڕۆژێکی پڕ لە ئازار بوو بۆ من، ئێمە خاوەنی ئازار و مەینەتی قورسین.

 

"تل تەمر شوێنێکی بچووکە بەڵام بە شەهیدەکانی گەورەیە"

 شەمسە سەعید باسی لەوەکرد، تیل تەمیر بەقەد بچووکییەکەی گەورەیە و وتی: ئەو بچووکە بەڵام بە شەهیدەکانی گەورەیە، مۆزایکی گەلانی لەگەڵ نەتەوەکانی نەخشاندووە، لێرەدا گەلان یەکسانن و جیاوازی نییە، کورد و عەرەب و ئاشووری پێکەوە لەسەر ئەم خاکە دەژین و ئازارەکانیان هاوبەشە، هەمووان بەبێ ئەوەی هیچ دیدگایەکیان پێ بدرێت چەکیان هەڵگرت، گەڕەک و شەقام و شارەکانیان پاراست، پێکەوە ئازار و سەرکەوتنەکانمان هاوبەش کرد.

 

شەمسە سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، نازانن برینەکانیان چۆن چاک دەبێتەوە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەرەو ساڵی نۆیەم هەنگاو دەنێین، بەڵام ئەو تەقینەوەیە لەبیرناکەین تەنانەت بۆ خولەکێکیش، برینەکەمان هێشتا خوێنی لێدەڕژێت، داواکاریی ئێمە وەک خێزانەکانی شەهیدان ئەوەیە کە چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن لەسەر تاوان و شەهیدکردنی ئەو هەموو کچ و کوڕانەی ئێمە، چونکە خوێنمان هەرزان نییە، کاتێک تێدەپەڕین بەلای شوێنی ڕووداوەکە، بینا وێرانبووەکان دەبینین، ئەو ڕۆژ و ساتانە دێنە بەر چاومان و دەنگی تەقینەوەکان وەک ئەوەی تازە شەهید کەوتبن لە گوێماندایە.

 

"با ئەردۆغان دڵخۆش نەبێت، ئێمە لێرەین، دەمێنینەوە و بە شانازییەوە لەسەر خاکی خۆمان دەژین"
 شەمسە سەعید باسی لەوەشکرد، پلانەکانی داگیرکردنی خاکەکەیان و کۆمەڵکوژی گەلان لەگەڵ هێرشەکانی لەشکرکێشی تورکیا بەردەوامە و بەم پەیامە بۆ دەوڵەتی تورکیا کۆتایی بە قسەکانی هێنا: با ئەردۆغان دڵخۆش نەبێت، ئێمە بەدوایدا دەڕۆین تا دڵۆپێک خوێن لە ڕۆحماندا بێت، ببنە ئەگەر بۆردومانیشمان بکەن، ئێمە لێرە ناڕۆین، لێرەین و لێرە دەبین و بۆ هەمیشە دەژین.

 

 "٢٠١٥ یەکێک بوو لە ساڵانی سەختی هێرشەکان"

 شێخا شێرموخ لە پێکهاتەی عەرەب وتی: توندترین هێرش بۆ سەر شاری تل تەمر لە ساڵی 2015 بوو، گەلی ئێمەی ئاشووریان کردە ئامانج، کڵێساکانیان تەقاندەوە و دوای ئەم هێرشە، شارەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕووبەڕووی سێ تەقینەوەی قورس و خوێناوی بووەوە.

 

"براکەم لە تەقینەوەکەدا ون بووە و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە"

شێخا شێرموخ لە تەقینەوەکەدا ئەحمەدی برا گەورەی لەدەستداوە و ماوەی ٩ ساڵە تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانیش ئازاریان هەیەو وتی: لەم هێرشەدا برا گەورەکەمان لەدەستدا، براکەم چوو خوشکە پەرستارەکەم لە کلینیکەکە بیهێنێتەوە ماڵەوە، بەڵام لەو ساتەدا تەقینەوەکە ڕوویدا، بەدوای براکەماندا دەگەڕاین، هیچ جلێکمان نەدۆزیەوە و هیچ شتێکمان نەدۆزیەوە کە بزانین شەهیدە، لە زۆر نەخۆشخانەدا گەڕاین بەڵام هیچ شوێنەواری ئەومان نەدۆزیەوە.

 

"دەبێت داعش دادگایی بکرێت بۆ تۆڵەسەندنەوەی شەهیدان"

 شێخا شێرموخ داعش بە یەکەمی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەبینێت و داوای دادگاییکردنیان دەکات لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە چەتەکانی داعش سزا بدرێن لەسەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەل و ناوچەکەمان ئەنجامیانداوە، بخرێنە بەردەم دادگا، بەهۆی ئەو هێرشەوە،  نەک تەنها یەک لایەن یان دامەزراوەیەک کرایە ئامانج، ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەنیش کرانە ئامانج.