ژنێکی گەنجی دووگیان لە سلێمانی لە لایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندرا

ژنێکی گەنجی دووگیان لە سلێمانی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندرا و بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە، پۆلیسی سلێمانیش ئاماژەی بەوەکرد، هاوژینەکەی تۆمەتبارە و دەستبەسەرکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ٦ی ئایار، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ئاڤان، کە دووگیان بووە بە منداڵی دووانە، بە سووتاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی و بە وتەی باوکی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندراوە و ئامانجی ئەوە بووە بیکوژێت، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی سووتاویی شاری سلێمانییە و دۆخی تەندرووستی ناجێگیرە.

 

بە وتەی جەزا جەوهەر، کە باوکی ژنەکەیە، بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بەوەکردووە، کچەکەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنراوە و ئامانجی ئەوە بووە بیکوژێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە کچەکەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە، بەڵام ئەوان ئاگاداری گرفتەکانی نەبوون لەگەڵ هاوژینەکەیدا و لە نەخۆشخانە ڕاستیی ڕووداوەکانیان زانییوە.

 

هەر بەپێی وتەی باوکی ژنەکە، هاوژینەکەی پێش ئەوەی بیسووتێنێت برۆ و قژی تاشیوە و پاشان لە گەرماوی ماڵەکەیاندا نەوتی پێداکردووە و سووتاندوویەتی، بەو هۆیەشەوە ٨٥%ی گیانی سووتاوە و کۆرپەلەکانیشی کە دووگیانبووە پێیان لەدەستداوە.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، بەو پێیە هاوژینەکەی تۆمەتبارە و دەستبەسەر کراوە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای مانگی حوزەیران، ٢٦ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون یاخود بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستداوە..