ڕێکخراوی تەندروستی: نابێت دامەزراوە تەندروستییەکان بکرێنە ئامانجی سەربازی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتڕاستی کردەوە کە ٤٦٤ هێرش بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکانی کەرتی غەززە کراوە و لە ئەنجامدا ٧٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

 شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پێی ناوەتە هەشتەمین مانگەوە و هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بێ ماڵ و حاڵ بوون، دوێنێ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززە، ٤٦٤ هێرش و بۆردوومانی سەر دامەزراوە تەندروستییەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامدراوە،  ٧٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩٣٣ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکانی ناو کەرتی گەمارۆدراوی غەززە، ١١ دامەزراوەی تەندروستی و ١١٣ ئەمبولانس زیانیان بەرکەوتووە، یەک لەسەر پێنجی ئەو هێرشانەی کە ڕوویانداوە، واتە ٪٣٧ی لە غەززە بووە، نزیکەی ٪٢٣ی لە باکووری کەرتی غەززە بووە و ٪٢٨یشی لەسەر خان یونس ئەنجامدراوە.

 

ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە چاودێری تەندروستی ئامانجێکی سەربازی نییە، داوای پێویستی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و دابینکردنی پاراستنی کاریگەر بۆ خەڵکی مەدەنی و چاودێری تەندروستی لە کەرتی غەززە کردووە.

 

ئەو شەڕە کە ماوەی هەشت مانگە بەردەوامە، بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدان و برینداربوونی سەدان هەزار کەس و نزیکەی ١٠ هەزار کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، هاوکات ماڵوێرانی و برسێتییەکی بەرفراوان ڕووبەڕووی خەڵکی گەمارۆدراوی کەرتی غەززە بووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل گەمارۆیان سەپاند و ڕێگرییان لە هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان کرد.