ژنێکی ئێزدی و دوو منداڵی کچی ڕفێندراو ڕزگار کران

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنێکی ئێزدی و دوو کچیان ڕزگارکرد کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرابوون.

ناوەندی هەواڵ

 

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆژی ٥ی حوزەیران، لە پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان ڕایانگەیاند کە هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوان زانیاری پشتڕاستکراوەیان لەبارەی بوونی ژنێکی ڕفێندراوی ئێزدی لە کەرتی چوارەمی کامپی هۆل دا کە دەکەوێتە شاری حەسەکە لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنی بەدواداچوونی پێویست کرد و ڕۆژی دووشەممە ٣ی حوزەیران هەڵیانکوتایە سەر شوێنی ڕفاندنەکەو توانیان ژنە ئێزدییەکە بە ناوی "عەزیزە خالد عەلی" و دوو منداڵ ل کە یەکێکیان کچێتی ڕزگار بکەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، منداڵی دووەم کە تەمەنی ١٠ ساڵە ناوی “خوناف نایف خدر” ە، تەمەنی چەند مانگێک بووە لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال لە مانگی ئابی ٢٠١٤، خۆی و دایکی ڕفێندراون و لە یەکتر جیاکراونەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، پەیوەندی لەگەڵ خێزانی ئازادکراوەکان کراوە، و لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و هەماهەنگییەکەیەوە ڕادەستی ماڵی ئێزدی دەکرێن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە بە پارێزراوی گەیشتن بۆلای خێزانەکانیان.