وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم بە هەڕەمەکی ڕۆژنامەنووسیان دەستگیر کردووە
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە راپۆرتى ساڵانەیدا پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤی لە هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت: دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم بە هەڕەمەکی و بەبێ هەبوونی هیچ تۆمەتێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانیان دەستگیر کردووە.

ناوەندی هەواڵ
ئۆفیسى مافى مرۆڤ و دیموکراسى سەر بە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە و باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە عێراق بەشى تایبەتی بە هەرێم و عێراق بڵاویکردووەتەوە، تیایدا هاتووە: دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم بە هەڕەمەکی و بەبێ هەبوونی هیچ تۆمەتێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان و خۆپیشاندەران و هاوڵاتیان دەستگیرکردووە و بە زۆرەملێ دانپێدانانیان لێوەرگرتوون.
ئەوەشخراوەتەڕوو، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم لەسەر ڕەخنەگرتن لە حکومەت چەندین کەسیان دەستگیرکردووە و لە کاتی زیندانیکردنی ئەو کەسانەدا بە شێوەیەکی ناتەندروست مامەڵەیان لەگەڵ کردوون و ئەشکەنجەیان داون و بۆ ماوەیەکی زۆر لە زینداندا پێش دادگاییکردن ڕایانگرتوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم سانسۆریان خستووەتە سەر میدیاکان و دەستوەردانیان لە کارەکانیان کردووە و هەندێک کاتیش هەندێک لە دەزگاکانیان داخستووە.