ڕۆشنبیری سلێمانی قەڵغانی ڕێزلێنانی بە هاوسەرۆكانی گەورە شارەوانی ئامەد بەخشی

ڕۆشنبیری سلێمانی قەڵغانی رێزلێنانی پایتەختی رۆشنبیری پێشكەش بە هاوسەرۆكانی گەورە شارەوانی ئامەد كرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی سەردانێکدا بۆ شاری ئامەد كە بەمەبەستی بەشداریكردن لە نۆیەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد بوو، ڕۆژی ٢٠ی نیسان بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی و چەند هونەرمەندێكی كوردستان سەردانی هاوسەرۆكانی گەورە شارەوانی ئامەد-یان كرد و لەلایەن عایشە سەرا بوجاك و دۆغان هاتون، هاوسەرکانی شارەوانی گەورەی ئامەوە بە گەرمی پێشوازیكران.

 

سەرەتا پیرۆزبایی ئەو سەركەوتنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا کە بەدەستیان هێناوە و بوون بە هاوسەرۆكی گەورەترین شاری باكووری كوردستانیان لێکراو دواتر گفتوگۆ كرا لە بارەی ئاڵوگۆڕی كولتووری و هونەری و ڕۆشنبیری لە نێوان هەرێمی كوردستان و باکووری کوردستاندا، لە پێناو برەودانی زیاتر بە مێژوو و كولتووری كورد لەسەرتاسەری كوردستان.

 

پاشان، قەڵغانی ڕێزلێنانی پایتەختی ڕۆشنبیری پێشكەش بەهاوسەرۆكانی شارەوانی گەورەی ئامەد کراو لەبەرامبەریشدا هاوسەرۆکان سوپاسگوزاری ئەو سەردانە بوون و پێزانینی زۆریان هەبوو، بە تایبەت كە پێشوازیان كردووە لە نوێنەرانی شاری سلێمانی وەكو یەكێك لە شارە زیندوو و ڕۆشنبیرییەكانی كوردستان.