چالاکیی ئێشکگری لە دژی گۆشەگیری بەردەوامە

چالاکی ئێشکگری لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" بە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە.

مەخموور

 

چالاکوانان لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" ماوەی ٩ مانگە بە سووربوونەوە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئێشکگرن، چالاکییەکە بە دامەزراندنی گروپی ٥٤ بەردەوامە، پێش ئەوەی چالاکییەکە ئەنجام بدرێت، سەرەتا خولەکێک ڕێز لە شەڕڤانانی ئازادی گیرا، دوای ڕێزگرتن عەزیزە سێرتی بە ناوی گروپی ٥٣ ەوە قسەی کرد.

 

"وەک ژنان و گەنجان، ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانمان"

لە سەرەتای قسەکانیدا، عەزیزە سێرتی تیشکی خستە سەر گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: ڕێبەر بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و بۆ ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەکمان لەو بارەیەوە وەرنەگرتووە، هەموو زیندانییەک مافی ئەوەی هەیە لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکانی کۆببێتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەم مافەی لە ڕێبەر وەرگرتووە، ئەوەی دەیکەین ئەوەیە کە یەکگرتوویی خۆمان بونیاد بنێین، بە تایبەتی وەک ژنان و گەنجان، ئەرکێکی سەرەکیمان دەکەوێتە سەرشان.

 

"ئێستا کات کاتی ئازادی ڕێبەرە "

عەزیزە سێرتی ئاماژەی بەوەکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ناتوانێت بە هێرشەکانی بوونی گەلی کورد لەناو ببات و وتی: دەوڵەتی تورکیا خەڵکی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان و شەنگال دەکاتە ئامانج و دەڵێت پەکەکە لە چیاکانی کوردستان لەناودەبات، بەڵام ناتوانێت لەناوی ببات، پەکەکە شەڕێکی بێ وێنە لە دژی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدات بۆیە کاتی ئازادی ڕێبەر هاتووە و چالاکییەکانمان بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ئازادی ڕێبەر مسۆگەر دەکرێت.

 

مەراسیمەکە بە ئێشکگری ٥٤ەمین گروپ و دروشم کۆتایی هات.