ڕێژەی ژنانی خاوەن کار لە مەغریب کەمی کردووە

ئەندامێکی هاوپەیمانیی یەکسانیی لە مەغریب رایدەگەیەنێت، زیاتر لە ٨٢٪ی ژنانی مەغریب ناتوانن ببنە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆیان، بەوهۆیەشەوە رۆژ بەرۆژ رێژەی ژنانی خاوەن کار بەراورد بە پیاوان کەمتر دەبێت

 حەنان حارت

 

مەغریب- بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای پلانسازیی مەغریب، بەهۆی دابونەریت و کەلتووری کۆمەڵایەتییەوە، بێکاریی لەناو ژنانی وڵاتەکە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، بەشێوەیەک ٨١.٩٪ی ئەو ژنانەی پرۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە، هەلی کاریان نییە

 

هاوکات رێژەی ٧٩.٤٪ی ژنانی گەنجیش کە تەمەنیان لەنێوان ٢٥ تا ٣٤ ساڵییدایە، هەلی کاریان نییە

 

لەوبارەیەوە ئامینە توبالی، ئەندامی هاوپەیمانیی یەکسانیی لە مەغریب پێیوایە، ئەو ئامارانە کەمبوونەوەی بەشداریی ژنان لە بەدەستهێنانی کار نیشان دەدات و دەڵێت: ئێمە بە نیگەرانییەوە لەو ئامارانە دەڕوانین، کە سەرباری هەوڵەکانی باشترکردنی دۆخی ژنانی مەغریب، بەڵام هێشتا لە بازاڕی کاردا دووچاری جیاکاریی دەبنەوە

 

'زۆرینەی ژنان لەکاتی کەرەنتینەدا دووچاری بێکاریی بوونەوە'

بەوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی یەکسانیی، زۆرینەی ئەو ژنانەی کە لە کەرتی تایبەتدا کاریان دەکرد، لەکاتی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەدا تووشی بێکاریی بوون، باس لەوەش دەکات: کەرەنتینە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی رێژەی ژنان بوو لە بازاڕی کاردا، بەتایبەتیش لەو شارە بچووکانەی کە کارگەیان لێ نییە و زیاتر کشتوکاڵیان تێدا دەکرێت، وشکەساڵیی و دابونەریت کاریگەرییان لەسەر پەیدانەکردنی هەلی کار لەلایەن ژنانەوە دروست کرد

 

'جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ژنان و پیاواندا دەکرێت'

ئامینەی توبالی ئاماژە بە ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای پلانسازیی مەغریبیش دەکات و پێیوایە، ئەو ئامارانە نایەکسانیی و جیاکاریی لە نێوان ژنان و پیاواندا نیشان دەدات، دەشڵێت: هیچ یاسایەک نییە بۆ پاراستنی مافی ژنان لە بەدەستهێنانی هەلی کاردا، جیاکارییەکی زۆر لەنێوان ژنان و پیاواندا دەکرێت، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەونی ئابووریی و خێزانیی و کۆمەڵایەتیی دروست دەکات

 

'تێگەیشتنی حکومەت لە واقعی کۆمەڵگە سنووردارە'

ئەو چالاکوانە ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە هەندێک لە خێزانەکاندا پیاوان هان دەدرێن بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام ژنان لە مافی خوێندن بێبەش دەکەن و وتی: ئەو دۆخە زیاتر لە گوندەکان بەدی دەکرێت، کە زۆرینەی ژنان ناتوانن بچنە بەر خوێندن و هەر لە تەمەنی منداڵییدا ناجار بە هاوسەرگیریی دەکرێن، هەوڵەکانی حکومەتیش بۆ رێگریکردن لەو دیاردانە سنووردار.

 

بە بڕوای ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی یەکسانیی مە‌غریب، چارەسەرکردنی ئەو نایەکسانییانەی کە بەرامبەر ژنان پەیڕەو دەکرێن لە مەغریب، هەموارکردنەوە و دەستکاریکردنی ئەو یاسایانەی وڵاتەکەیە، کە رێخۆشکەریی بۆ جیاکاریی دەکەن، دەشڵێت: بۆ هاندانی ژنانی مەغریب بۆ بەدەستهێنانی کاری سەربەخۆ، پێویستە هەلی بەشداریکردن بۆ ژنان بڕەخسێندرێت و هەمووان لەوە تێبگەن، کە ژنان و پیاوان لە ئەرک و مافدا یەکسانن.