ژنانی عەفرین: بەرخۆدانمان لە دژی داگیرکاری بەردەوامە

کۆچبەرانی عەفرین کە لە شارۆچکەی تل ڕەفعەت نیشتەجێ بوون، دژی هێرشەکانی داگیرکەری دەڵێن: بەرخۆدانمان لە دژی هێرشەکانی داگیرکەر بەردەوامە، مانەوەمان لە شەهبا، وەک دڕکێک وایە لە چاوی دوژمندا.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە دوای کۆچکردنی خەڵکی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ و نیشتەجێکردنیان لە کانتۆنی شەهبا و ناوچەی شێراوای سەر بە عەفرین، تا ئەمڕۆش دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر کۆچبەران، ئامانجی داگیرکاری هێرشەکان، دووبارە کردنەوەی دەرگای کۆچکردنە بەڕووی خەڵکی عەفریندا کە لە شەهبا نیشتەجێ بوون، بەڵام سەرەڕای هەموو بارودۆخە سەختەکانی هێرشەکان، گەلی عەفرین بەردەوامن لە بەرخۆدانیان بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین و تەسلیمی سیاسەتەکانی داگیرکاری نابن، چونکە ئازادکردنی عەفرین پەیوەستە بە مانەوەیان لە شەهبا.

 

"بەرخۆدانمان بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت"

ڕۆزەلین عومەر، کۆچبەرێکی عەفرینییە و دەڵێت: لەو ساتەوەی لە عەفرینەوە کۆچمان کرد و لە شەهبا نیشتەجێ بووین، تا ئێستا ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەرمان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانییەوە، لە ماوەی ساڵانی کۆچکردندا کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا و خەڵکی سڤیلیان کردە ئامانج، مانەوەمان لە شەهبا گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکات، هەر بۆیە هێڵی بەرخۆدانمان بەرزدەکەینەوە لە بەرامبەر هێرشە جینۆسایدییەکان و هەڕەشەکانیان، بە هزر و بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان پەروەردە دەکەین، بۆیە ئێمە هەرگیز ڕادەست نابین و تاکە هیوا و ئارەزووی ئێمە لەم جیهانەدا گەڕانەوەیە بۆ عەفرین.

 

" لە دژی هێرشەکان ئیرادەمان بەرز دەکەینەوە"

سەدیقە بەکر کۆچبەرێکی دیکەیە و وتی: ئێمە لە تل ڕەفعەت نیشتەجێ بووین، داگیرکاری تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەرمان، تەنها بەرخۆدان و خەبات گەڕانەوەی عەفرین مسۆگەر دەکات، ئێمەش بەردەوام دەبین تا ئەو ساتە، لە بەرامبەر پەرەسەندنی شەڕ دژی ئێمە، ئێمە ئیرادەی خۆمان بەهێز دەکەین و بە ئیرادەی خۆمان بەرەنگاری ئەو هێرشانە دەبینەوە، هەڵوێستەکانمان هەمیشە بەم شێوەیە دەبێت، بەردەوامی بە هێڵی بەرخۆدان دەدەین و وڵاتەکەمان ڕزگار دەکەین، چونکە بەڵێنمان بە هاوڵاتیانمان داوە کە خەونەکانیان بەدی دێنین و وڵاتێکی ئازاد بنیاد دەنێین.

 

"ئەوان دەیانەوێت دەرگای کۆچبەری بکەنەوە"

لەیلا عەلی کۆچبەرە و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە ئەردۆغان دەیەوێت جارێکی دیکە دەرگای کۆچ بە ڕووی خەڵکدا بکاتەوە و بیانکاتە پەنابەر و وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا عەفرینی داگیرکرد و ئێمە ئاوارە بووین، بەس نەبوو، تا ئێستاش لێرە هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دەیەوێت بە هێرشەکان جارێکی تر دەرگای کۆچ بکەنەوە، بەڵام ئەردۆغان هەرگیز بە ئامانج و خەونەکانی ناگات، ئێمە تا کۆتایی لە شەهبا بەرخۆدان دەکەین و بە توندی هێرشە داگیرکارییەکان ئیدانە دەکەین و دەڵێین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بەرامبەر بە ئەرکە مرۆییەکانی خۆی بوەستێت و ئاگاداری خەڵکی مەدەنی بێت، سیاسەتی چەوت بوەستێنێت.