هەزاران کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان زیانیان بەرکەوتووە

بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی لوبنان زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس بریندار بوون و نزیکەی ٥٥ شارۆچکەش زیانیان پێگەیشتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

٣ی نیسان، میدیاکان بڵاویانکردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان زیانی بە نزیکەی ٥٥ شارۆچکە گەیاندووە، لەوانەش شارۆچکەی ناقورا، جەبەل لەبونە، ناوچەکانی جەبەل عەلام، عەمەل شەعب، ڕامیە، ئەلبستان و چەندین ناوچەی دیکە، هەروەها بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس و دەیان کەس کوژران و هەزاران کەسیش لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون.

 

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی لوبنان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ٢٢ سکاڵایان لە ڕێگەی نوێنەرایەتی هەمیشەیی لوبنان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ناردووە و تیایدا هەڵویستی خۆیان دژی ئیسرائیل بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان خستووەتەڕوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی سکاڵاکانەوە، پێشێلکارییەکانی بڕیارنامەی ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بەڵگە کردووە، داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش کردووە ئەم هێرشانە ئیدانە بکەن و داوای ئەوە بکەن کە ئیسرائیل پێشێلکارییەکانی سەروەری لوبنان ڕابگرێت و ڕێگری لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوچەیی بکات.

 

جێی ئاماژەیە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان هاوکات بووە لەگەڵ شەڕی کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣.