"ئێمە دەستبەرداری خاکەکەمان نابین و ڕێگە بە داگیرکەران نادەین"

ژنانی عەفرین-شەهبا کاردانەوەیان بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی و ڕایانگەیاند، بە تێکۆشان وەڵامی داگیرکاری دەدەنەوە و لە ڕێگەی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکەوە خاکەکەیان ڕزگار دەکەن.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- شاری عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ەوە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دایە، گەل ناچار بوون ڕوو لە شەهبا بکەن و لەوێ درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن، جگە لە هێرشەکان، خەڵکی عەفرین و شەهبا لە ژێر گەمارۆی حکومەتی دیمەشقدا دەژین و سەرەڕای ئەوەش بە سیستمی خۆبەڕێوەبەری نەتەوەی دیموکراتیک خاکی خۆیان دەپارێزن.

 

ژنانی عەفرین و شەهبا کە لە کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا باسیان لەوەکرد، کە زیاتر لە ٦ ساڵە بەرخۆدانی دەکەن.

 

"هەوڵی دەرکردنی خەڵک لە شەهبا دەدەن"

لەمیعە شێخۆ باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٦ ساڵدا کۆمەڵکوژی زۆری ئەنجامداوە و وتی: دەوڵەتی تورک لە ئیدلبەوە تا عەزاز، لە عەفرینەوە تا گرێ سپی چەندین ناوچەی داگیرکردووە، ئەوان بە پاڵپشتی هێزە نێودەوڵەتییەکان زۆر شاریان داگیر کرد، دەیانەوێت پڕۆژەی جینۆسایدەکەیان تەواو بکەن، هێرشەکان بەردەوامن و هەوڵی دەرکردنی گەل لەسەر خاکەکەیان دەدەن، بەهۆی داگیرکارییەوە خەڵک دەکوژرێن و ئاوارە دەبن.

 

ڕۆخاش عەلی هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا خستەڕوو و وتی: بەهۆی بۆردوومانەکەوە شەو و ڕۆژمان نییە، منداڵان هەمیشە لە ترسدان، هێرش و بۆردوومان زیانێکی زۆر دەگەیەنێت و لە هەمان کاتدا دەبێتە بەربەستێک بۆ جووتیاران.

 

"ئێمە پەیوەستی خاک و دۆزەکەمانین"

شەمیە ڕەشید هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد و وتی: سیاسەتی بەربەریانەی دەوڵەتی تورکیا لە شارەکانی عەفرین و سەرێکانی و هەموو شوێنە داگیرکراوەکان شەرمەزار دەکەین، داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکەین هەرگیز دەستبەرداری ئەم خاکە نەبن، کە بە ماندووبوونی چەندین ساڵە بە دەستمان هێناوە، هەرگیز نەهێڵن لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە داگیر بکرێت، ئەوان مافی ئەوەیان نییە بەو شێوەیە خاکی ئێمە داگیر بکەن، ئێمە پەیوەستی خاک و دۆزی خۆمانین، هیوادارین سەلامەتی و سەقامگیری سەرجەم خەڵکی ناوچەکە بەدی بهێنرێت و هەموو ئەو شوێنانە ڕزگار دەکەین کە لەژێر داگیرکاری دان، ئێمە لە ڕێگەی سیستمی خۆبەڕێوەبەری نەتەوەی دیموکراتیکەوە خاکەکەمان ئازاد دەکەین و خەبات دەکەین.