شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: وەک قەڵا سەیری ژنانی باکووری کوردستان دەکەین

بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسە نەتەوەییەکان شاندەکەی ژنانی باکووری کوردستان بەردەوامن لەسەردانی کردنەکانیان و ئەمڕۆش لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کۆبوونەوە.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی شاندی ژنانی باکووری کوردستان، کە پێکهاتبوو لە سەباحەت ئەردۆغان، ئەندامی پەرلەمان لە شاری سێرت، عەدالەت چیمەن، هاوسەرۆکی شارەوانی سلۆپی، گوڵبەهار گوزەل، بەرپرسی ڕێکخراوی ژن، نەسلیهان ئاجەر، ئەندامی کۆنگرەی گەلی دیموکرات، گوڵبەهار ئاڵپ سۆی، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە، سەردانی شانازا ئیبراهیم ئەحمەدیان کرد و کۆبوونەوە.

 

لە دوای کۆبوونەوەوکە سەباحەت ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەردانیکردنەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر پرسە نەتەوەیی و پرسەکانی ژن لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەو ئامانجەی هەردوولا کار بکەین بۆ چارەسەری کێشەکان.

 

دواتر شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، من هەمیشە دڵخۆشم بە سەردانیکردنی ئەو شاندانەی لە باکووری کوردستانەوە دێن و دڵ گەرمییەکە بۆمان، هەمیشە وەکو قەڵایەک سەیریان دەکەین و شانازیان پێوە دەکەین، کە توانیویانە دەنگی خۆیان بگەیەنن و ڕووبەڕووی ئەو سیستمەی تورکیا بوەستنەوە، هیوادارم ئەم سەردانیکردنانە بەردەوام بێت.

 

بڕیارە شاندەکەی ژنانی باکووری کوردستان لە درێژەی سەردانییەکانیاندا لەگەڵ کەسایەتی، لایەن و ڕێکخراوەکانی دیکەی ژناندا کۆببنەوە.