سووریا لە ڕیزبەندی دووەمی وڵاتە گەندەڵەکاندایە و عێراق ٢٣یەمینە
ڕیزبەندی ٣٠ گەندەڵترین وڵاتانی جیھان بڵاوکرایەوە و تێیدا سۆماڵ یەکەمە و سووریا دووەم و عێراقیش لە ڕیزبەندی ٢٣دایە.

ناوەندی هەواڵ
گۆڤاری "سی ۆڵدی" ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتێکدا جیھان پێشکەوتنی گەورەی لە زۆربەی بوارەکاندا بەدەستھێناوە، بەڵام گەندەڵی ئەو نەخۆشیە کوشندەیەیە کە تائێستاش ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر وڵاتانی جیھان و بووەتە ھۆی لەبەریەک ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، زۆربەی وڵاتانیش سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری زۆر توند، بەڵام نەیانتوانیووە بە تەواوی بەسەریدا سەرکەون کە زیانی زۆری بە کەرتی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەیاندووە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە ریزبەندی بۆ ٣٠ گەندەڵترین وڵاتی جیھان کردووە و بەپێی ریزبەندییەکەش سۆماڵ لە پلەی یەکەمدایە و گەندەڵترین وڵاتی جیھانە کە بەرهەمی ناوخۆیی تاکەکەسی ٥٤٤ دۆلارە، لە دوای ئەویش سووریا دێت، کە بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری تاکەکەسی ٥۳۳ دۆلارە، سوودانی باشوور پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە و بەرهەمی ناوخۆیی سەرتاسەری تاکەکەسی ۳۲٦ دۆلارە.
ڕیزبەندییەکە دەرخەری ئەوەیە کە عێراق پلەی ٢٣یەمی گرتووە، لوبنانیش لە پلەی ٢٨دایە، بەیروتیش رووبەڕووی خراپترین قەیرانی دارایی بووەتەوە، لە ئەنجامی گەندەڵی سیستمی بانکیدا.