زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگی كاروباری مرۆیی- ئۆچا ئاماری ئاوارەكانی كەرتی غەززەی ڕایگەیاند، کە ٣٣٨ هەزار و ٩٣٤ كەس لە غەززە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵكەندراون و ئاوارەبوون.

ناوەندی هەواڵ
نوسینگەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگی كاروباری مرۆیی- ئۆچا ئاماری ئاوارەكانی كەرتی غەززەی ڕایگەیاند، کە بە هۆی شەڕی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ٣٣٨ هەزار و ٩٣٤ كەس لە غەززە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵكەندراون و ئاوارەبوون، هەروەها تەنها دوێنێ ٧٥ هەزار كەس لە كەرتی غەززە ئاوارە بوون.
بەپێی ئامارەکە، نزیكەی ٢٢٠ هەزار كەس واتا دوو لەسەر سێی ئاوارەكان پەنایان بردووەتە بەر قوتابخانە و پەناگەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەها نزیكەی ١٠٠ هەزار ئاوارە پەنایان بردووەتە بەر ماڵی كەسوكاریان.
ئەوەشی تیادا هاتووە، لە ئێستادا بۆردوومانی قورسی ئیسرائیل لە ڕێگەی ئاسمانیی و وشكانیی و دەریاییەوە بۆ سەر كەرتی غەززە بەردەوامە، هاوكات ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانەكان زیاتر لە هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیان لەناوبردووە، لە كاتێكدا ٥٦٠ یەكە زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، نزیكەی ٢٢ هەزار و ٨٥٠ یەكەی نیشتەجێ بوون زیانی مامناوەندیان پێگەیشتووە.