بۆ ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی هاوکاری عێراق دەکرێت

نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بڕی سێ ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی دەنێرن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕیچارد عەبدولنور، نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، بانکی نێودەوڵەتی بڕی سێ ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاری و پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی تەرخانکردووە، هاوکارییەکە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی ئاو لە عێراق و بەکارهێنانی سیستمی ئاودێری هاوچەرخ و ئاسایشی بەنداوەکان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە مرۆییە بکرێت کە لە لیبیا ڕوویدا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق ڕووبەڕووی کەمی ئاو دەبێتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر کۆچی ناوخۆ دروستدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوەکانی لە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی پەیوەست بە کەمی ئاو خێراتر بکات.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، عێراق پێویستی بە ٣٦ بەنداو هەیە بۆ گلدانەوەی ئاوی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و کێشەکانی کەم ئاویی.