لە ٥ شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە
لە سلێمانى، گەرمیان، ڕاپەڕین، هەڵەبجە و کۆیە مامۆستایانى وانەبێژ گردبوونەوەو داوایانکرد، حکومەتى هەرێمى کوردستان بە شێوەى هەمیشەیی دایان بمەزرێنێت.

ناوەندی هەواڵ
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەکاتی دروستکردنی قەیران و نەدانی موچەی دەیان مانگی فەرمانبەران، بە هەزاران خوێندکاری زانکۆو پەیمانگەکانیش لە دوای تەواوکردنی خوێندن دانەمەزراون و سەرەڕای داواکاری بۆ دامەزراندن هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە، هەربۆیە گردبوونەوەیەکان بەردەوامییان هەیە.
بەیانى ئەمڕۆ ١٧ی ئەیلوول، لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانى و هەڵەبجە و شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر و ئیدارەکانى گەرمیان و ڕاپەڕین، مامۆستایانى وانەبێژ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى ناوچەکانیان گردبوونەوە.
وانەبێژان ئاماژەیان بەوەکرد، داواکارن حکومەتى هەرێمى کوردستان بە شێوەى هەمیشەیی لە ناوەندەکانى خوێندن دایانبمەزرێنێت.
ئەوەشیانخستەڕوو، چەندین جار گردبوونەتەوە و داوای دامەزراندنی هەمیشەییان کردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامی نەداونەتەوە.