ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خاوەنی ڕێگەچارەسەریین بۆ دۆخی کورد و کۆمەڵکوژییەکان

بە پانێڵی دووەم کۆنفرانسی "ژنانی باوەڕی و پێکهاتە جیاوازەکان، بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال" لە شاری سلێمانی بەردەوامە و باس لە تێکۆشانی ژنان دەکرێت، کە بە سایەی تێکۆشانی ژنانی کورد، ڕێگەچارەسەری بۆ دۆخی کورد و کۆمەڵکوژییەکان پێش دەخرێت.

سلێمانی

 

بە پانێڵی دووەم کۆنفرانسی "ژنانی باوەڕی و پێکهاتە جیاوازەکان، بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی شەنگال" لە شاری سلێمانی، کە بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد، بەردەوامە.

 

پانێڵەکە بە ناونیشانی "چۆن ژنان لە خۆڵەمێش خۆیانب و گەلان بنیاد دەنێنەوە، ئەرکی ژنان لە پاراستن و بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیک و هاوچەرخ، پێشەنگایەتی تێکۆشانی هاوبەشی ژنان بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی " لەلایەن ئاوات حیسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەکان بەڕێوەدەبرێت و هەریەک لە ڤەژین شەنگالی، ئەندامی یەکینەکانی ژنانی شەنگال، زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کەنەکە، فەلەکناس ئوجە، ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، بەباتی تایبەت پێشکەش دەکەن.

 

ڤەژین شەنگالی لە پانێڵەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: داعش هێرشی کردە سەر ژنان و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، بەڵام ئێمەی ئێزیدی بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان بەڕێکخستن کرد و هێزەکانی یەبەشە، یەژەشە، یەپەژە و ڕێکخستنەکانی دیکەمان ئاواکرد و لە نەبوون، هەبوونمان خوڵقاند، لە ٢٠١٤دا ١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە و هەزاران سوپای عێراق لە شەنگال بوون و بەجێیان هێشتین بۆ لەناوچوون، بەڵام بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تێگەشتین کە دەبێت گەلی ئێزیدی خۆیان پاراستنی خۆیان بکەن، ئێمەش وەک یەژەشە بەڵێن دەدەین، هەر ژنێک ئێزیدی بێت یان جیاواز، لە هەر شوێنێک بێت، ئێمە بە هانایانەوە دەچین و ڕزگاریان دەکەین.

 

"تێکۆشانی ژنان دژی کۆمەڵکوژی سەریهەڵداوە"

زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، ستراتیژی لەناوبردنی کورد سەدان ساڵە بەردەوامە، چەندین ناوچەی کوردستان وێران کرا و گوندەکان ڕاگوێزران، هەوڵێکی زۆر هەیە کە لە ڕێگەی ژنانەوە ناسنامە و شوناسی کۆمەڵگە لەناو ببەن، ئەمەش چەندین بەڵگەی هەیە، سەدان کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە، وەک دەرسیم لە باکووری کوردستان، کۆمەڵکوژی قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنفال لە باشوور و کۆمەڵکوژییەکانی سەردەشت و ڕەزا شا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نمونەن و تا ئێستا کۆمەڵکوژییەکان لەسەر کوردستان بەردەوامە، وتیشی: جگە لە کۆمەڵکوژی فیزیکی، کۆمەڵکوژی شوناش و ناسنامە و فەرهەنگ و هەبوون ئەنجام دەدرێت، دەستگیرکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانیش بەشێکی بەردەوامیدان بەو کۆمەڵکوژییانەیە لەسەر گەلی کورد.

 

زەینەب موراد باسی لە جینۆسایدی ژنان کرد، کەبە درێژایی ١٠٠ ساڵە بەردەوامە و وتی: بەدرێژایی مێژوو ژنان تێکۆشانیان کردووە، چونکە هەمیشە پیاوانی دەسەڵاتدار کۆمەڵکوژیان کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر ژنان، بەتایبەت ئەو ژنانەی لەسەر خاکی خۆیان تێکۆشان بۆ هەبوون و مانەوە و شوناس و فەرهەنگ دەکەن، جا ئەمە لە کوردستان یان وڵاتانی دەرەوە بێت، هێرشەکان بۆ سەر ژنان بەردەوامە، بۆ ئەوەش هەڵوێستی ژنان بەرامبەر سیاسەتی لۆزان و جینۆساید و چەوسانەوە و هێرشەکانی دەوڵەت-نەتەوە-پیاو، درێژەدانە بە خەبات ئەمەش لە نمونەی ژنانی کوردی ڕێکخستنکراو دەردەکەوێت کە بە درێژایی کوردستان، سەرەڕای سنورەکان، تەشەنە دەستێنێت و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خاوەنی ڕێگەچارەسەرییە بۆ دۆخی کورد و کۆمەڵکوژییەکان.

 

"ڕاگەیاندنی ئازاد دەنگی شەنگالی بە جیهان گەیاند"

فەلەکناس ئوجە، ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، باسی لەوەکرد، تا ئیستا ٧٤ فەرمان بەرامبەر گەلی ئێزیدی کراوە بەڵام فەرمانی ٣ی ئاب هەرە زۆر زیاتر لە بەر چاوی هەموو دونیا ڕویدا، ڕاگەیاندنی ئازاد توانی هەموو ڕاستیەکان بۆ دوونیا ئاشكرا بکات و ئێشەکانی گەلی ئێزیدی بە دوونیا پیشان بدات، لە پێش کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب لە جیهاندا هیچچ کەسێك گەلی ئێزیدی و شەنگالی نەدەناسی، بەڵام کاتێک کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی ئێزیدی بەرێوەچوو و ئێزیدیەکیان لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیە تێکۆشانیان کرد، ئەوە وایکرد هەموو جیهان گەلی ئێزیدی و باوەڕی ئێزیدییەکانی ناسی، خۆزگە چیای شەنگال زمانی هەبووایە تا باسی کۆمەڵکوژی ٧٤ی سەر ئێزدییەکانی بکردایە، کە چۆن بەرامبەر هێرشی داعش گەنجانی ئێزیدی بەرخۆدانیان کردووە و تێکۆشانیان کردووە.

 

فەلەکناس ئوجا جەختیکردەوە، کە تا ئێستا کۆمەڵکوژی شەنگال نەناسێنراوە، وتیشی: کاتێک باسی جینۆساید دەکەین دەبێت مێژوو و ئازاری خۆمان ببینین، لەکاتی ڕوودانی کۆمەڵکوژی لەسەر شنگال لەباکووری کوردستان و دەرەوەی وڵاتیشدا چالاکیمان ئەنجامدا و پشتتگیریمان لە بەرخۆدانی کۆمەڵگەی ئێزدی کرد، ئەمڕۆ جگە لەچەتەکانی داعش دەبێت هەموو ئەوانەشی هاوکاریان بوون دادگایی بکرێن و بەسزایی خۆیان بگەن، کۆمەڵكوژی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی ئێستاش بەکۆتا نەهاتووە، دەخوازن لە کەسایەتی ژناندا دەخوازن هێرش بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە بکەن، بەلام ژنانی شەنگال بەو تێکۆشانەی کردیان، سەلماندیان ژنان ڕاستینەی مێژوو دەپارێزن و دەیگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆیە دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا خاوەندارێتی لەو گەلە بکرێت.

 

کۆنفرانسەکە بە گفتوگۆ بەردەوامی هەیە و بڕیارە لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئەنجامنامەی تایبەت بە کۆنفرانسەکە بخوێنرێتەوە.