لە ٣٦ەمین هەینیدا؛ خەڵکی زاهیدان بۆ ئازادی داوای یەکڕیزی دەکەن

لە ٣٦ەمین هەینیدا خەڵکی زاهیدان داوای یەکڕیزیی هەموو ئێرانییەکانیان کرد، بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئازادییەی لە ناڕەزایەتیەکانی سەرتاسەری وڵاتدا داوای دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی سەریهەڵدا، تا ئێستا بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران، دوێنێ، ٩ی حوزەیران هەینی خوێناوی لە شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان بەلوچستان بەرز ڕاگیرا، جەخت کرایەوە کە ڕێگای ئازادی لە ڕێگەی یەکگرتوویی خۆپیشاندەران و لە شەقام مانەوە دژی سێدارەدانی خۆپیشاندەران و پراکتیکەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بەدەستدێت.

 

خۆپیشاندەران دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی"، "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"، "برای شەهیدم تۆڵەی تۆ دەستێنم"، "هەرکەسێک برای منی کوشت دەیکوژم" و "لە زاهیدانەوە بۆ تاران گیان بەخت دەکەم بۆ ئێران"یان دەوتەوە، خۆپیشاندەران ئەو کوشتار و سێدارانەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە دژی خەڵک ئەنجامیان داوە، شەرمەزار کرد و خوازیاری ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی سەرکوت و کوشتن بوون.

 

شایانی باسە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەت و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵێکی بەلوچ لەلایەن فەرماندەیەکی سپای پاسدارانی ئێرانەوە، خەڵکی زاهیدان هەموو هەینییەک تا گەیشتن بە ئازادی ڕێپێوانی ناڕەزایەتی ڕێکدەخەن.