کرێکارانی نەخۆشخانەکانی کرماشان لە بەرامبەر کەمتەرخەمی کارگێڕی ناڕەزایەتی دەردەبڕن

ژمارەیەک لە پزیشکان و ڕاهێنراوانی ژن و پیاو لە نەخۆشخانەکانی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پشتگوێخستنی سەلامەتی کارمەندانی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا گردبوونەوە.

کرماشان

 

بۆ ئیدانەکردنی پشتگوێخستنی پێوەرەکانی خۆپارێزی لەلایەن ئیدارەی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا لە کرماشان و دوای ئاشکرابوونی دزینی ئامێرێک لە بەشی تیشکی نەخۆشخانەکە، ژمارەیەک لە پزیشک و فێرخواز و خەباتکارانی ژن و پیاو لە نەخۆشخانەکانی کرماشان ناڕەزایەتییان ڕێکخست.

 

خۆپیشاندەرانی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا دەستیان بە مانگرتن کرد و لە دەروازەی فاکەڵتی پزیشکی زانکۆی کرماشانی زانستە پزیشکییەکان کە فێرخوازانی نەخۆشخانەکانی دیکەشیان تێدابوو، ناڕەزایەتییان دەربڕی، جەماوەرێکی ناڕازی لەلایەن پزیشکان و خوێندکارانەوە لەبەردەم دەروازەی فاکەڵتییەکە کۆبوونەوە و ژمارەیان زیادی دەکرد.

 

بانگەوازی بۆ چالاکییەکە دوای ئەوە هات، کە چەند ڕۆژێک پێشتر هەواڵی دزیکردن لە بەشی تیشکی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا لە کرماشان بڵاو بووەوە، ئەو پارچەیەی کە دزراوە لە تیشکی ئێکس و ئایزۆتۆپی تیشکدەردا بەکاردەهێنرێت و زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، کە ئەمەش ترسی لەناو کارمەنداندا بڵاو کردووەتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە ساڵێکە چینی پارێزەری ئامێرە تیشکدەرەکان لابراون، کە زیاتر لە ٣٠ ژنی کارمەند لەو ژوورەدا کاریان تێدا کردووە و بەرکەوتەی ئەو تیشکە زیانبەخشە بوون و ئەمەش تاوانێکە، هەر بەو هۆیەشەوە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ژنانی فێرخوازی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا وازیان لە کارکردن هێناوە و مانیان گرت.