بەردەوامی ناڕەزایەتی گەل دژ بە لەسێدارەدان
دوابەدوای شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران، ناڕەزایەتی ئازادیخوازان لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان توندتر بووە، کۆمەڵێک لە سینەماکارانی ئێرانیش لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی کان ناڕەزایەتیان دژی سێدارە دەربڕی.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/05/20230521-20230521-hnrmndan-b-adam-dr-ayran-jpg241956-image-jpg55a3c7-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران، شەوی ڕابردوو ئازادیخوازانی شارەکانی ئێران و کوردستان لە دژی سزای سێدارەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان.
خۆپیشاندەران لە مهاباد، سنە، کرماشان، ئیلام، ئەبدانان، تاران، ئەسفەهان، ئەسفراین و چەند شاری دیکە بەربەستیان دروستکرد، ئاگریان بەردایە بارەگاکانی بەسیجی و سوپا و لافیتەی حکومەت و دروشمەکانی "مەرگ بۆ کۆماری سێدارە، ڕاپەڕین بەردەوامە، لە کوردستان تا تاران گیانم فیدای ئێران، مەرگ بۆ ڕژێمی خەڵک کوژ" وترانەوە و جەخت لەسەر بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان تا سەرکەوتن و ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران کرایەوە.
ناڕازییان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و بڵاوکراوە و بەیاننامەی جۆراوجۆر، بە مەبەستی ڕاگرتنی هەڵمەتی سێدارەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی یەکگرتوویی و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی، خوازیاری ئامادەبوونی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە شەقامەکان بوون.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ، ٢١ی ئایار کۆمەڵێک لە سینەماکارانی ئێرانی بەشدارییان لە فەرشی سووری فێستیڤاڵی فیلمی کان کرد و ناڕەزایەتیان دژی سزای سێدارە دەربڕی، بەتایبەت لە سێدارەدانی ٣ خۆپیشاندەری شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"
ئەم هونەرمەندانە بە هەڵگرتنی وێنەی خۆپیشاندەرانی زیندانیکراو و لەسێدارەدراو، پشتیوانی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی ئێران ڕاگەیاند و بە توندی ئیدانەی سێدارەیان کرد، تیری فرمۆ، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، بەشداری ناڕەزایەتییەکە بوو و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران لە دژی ڕژێم کرد.