لە ئێران قەدەغەی پەیوەندیکردن بۆ پێنج زیندانی ژن

پێنج ژن کە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی "دیالۆگی ڕزگاکردنی ئێران" دەستگیرکراون، قەدەغەی پەیوەندی تەلەفۆنیان بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

هەموو ڕۆژێک پێشێلکارییەکانی ڕژێم لەسەر زیندانیانی ئێران لە زیادبووندایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستگەیشتووە، فەریبا کەمالئابادی، ماهۆش هابیت ، نێرگس محەمەدی، گۆلڕۆخ ئیرای و فایزە هاشمی بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە کۆنفرانسی "دیالۆگی ڕزگاکردنی ئێران" کە لە مانگی نیساندا بەڕێوەچوو دەستگیرکراون، ئەو پێنج ژنە لە زیندانی ئەڤین مافی پەیوەندی تەلەفۆنییان لی قەدەغەکراوە.

 

ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران و چالاکوانان بەشدارییان لە کۆنفرانسی "دیالۆگ بۆ ڕزگاکردنی ئێران" کرد و پەیامی زیندانیانی سیاسی لە تۆڕی دیجیتاڵی "کلەبهاوس" خوێندرایەوە، دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەستی بە لێکۆڵینەوە لە کۆنفڕانسەکە کردووە و چەند بەشداربوویەک بانگهێشتکراون بۆ وتەدان.