تەندروستی جیهانی لە بارەی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵ لێکۆڵینەوە دەکات

دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵ لە باشووری کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لێکۆڵینەوە دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی- WHOدەستی بە لێکۆڵینەوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوکردنی مێشکی منداڵ کرد و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ناوەندی بڵاوبوونەوەکە دەکەوێتە شاری هەڵەبجە و نزیک شارۆچکەی سیروان بووە، دوای زیادبوونی تووشبوانیش لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، تیمێکی پسپۆڕ لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی ڕەوانەی ئەو ناوچانە کران بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە.

 

دکتۆر ئەحمەد زویتن، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، دەڵێت: تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی مردن تۆمار نەکراوە، سەردانەکانی نەخۆشخانەی وەفا لە هەڵەبجە و نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵانی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشید لە سلێمانی دەرکەوت، کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، تووشبوانی هەوکردنی پەردەی مێشک لەناکاو زیادی کردووە و بە شێوەیەکی سەرەکی تووشی منداڵانی خوار تەمەنی ١٠ ساڵ بووە.

 

ڕێکخراوەکە ٢٠ نمونەی شلەی مێشک و بڕبڕەی پشتی لە نەخۆشەکان وەگرتووە و لە تاقیگەی هاوبەشی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ شیکاری زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و داوای کاری بەپەلەش کراوە لەسەری.