ماڵدا کوسای ئەندامی ژنۆلۆژی لەسەر گۆڕەکەی بەبیرهێندرایەوە

لە چوارەمین ساڵیادی یادکردنەوەی ماڵدا کوسا، ڕێوڕەسمێکی بەبیرهێنانەوە لە گۆڕستانی شەرجیە بەڕێوەچوو.

حەسەکە

 

ماڵدا کوسا لە ساڵی ٢٠١٨ بەشداری خەباتی ژنۆلۆژی کرد، هەوڵێکی پیرۆزی دا بۆ پێشخستنی کارو خەباتی ژنۆلۆژی، لە ٥ی ئایاری ٢٠١٩، لەسەر ڕێگای هۆڵ لە کاتێکدا چوو پەروەردەی ژنۆلۆژی بداتە ژنانی گوندنشینی حەسەکە هێرشێکدا گیانی لەدەستدا، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کانتۆنی حەسەکە و کۆنگرەی ستار. خەباتکارو بەڕێوەبەرانی ناوەندی ژنۆلۆژی و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەرجیە یادیان کردەوە.

 

ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە پاکڕەوانی ئازادی دەستیپێکرد، دواتر ڕۆزیف ئەحمەد، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی حەسەکە، سەرەخۆشی بۆ بنەماڵە و هاوڕێکانی خواست و وتی: لە کەسایەتی شەهید ماڵدا، یادی هەموو شەهیدانی ئازادی دەکەینەوە، شەهید ماڵدا شەهیدی بیرۆکەی ئازادی ژنانە، ئەو کار وخەباتەی کە ماڵدا ئەنجامی داوە لەچاو تەمەنی گەنجیدا زۆر گەورەیە، ئامانجی ئەوەبوو کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی دروست بکات کە تێیدا ژنان ئازاد بن، شەهید ماڵدا کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو، ڕۆژانە کاری دەکرد بۆ پەرەپێدانی زانستی کۆمەڵگە. بۆ گەشەپێدانی هۆشیاری ژنانی ئازاد، ئەو هەمیشە لە جووڵەدا بووە، ئەمڕۆ ئێمە شوێنکەوتووی ڕێبازی هەڤاڵەکەمانین و ئاستی تێکۆشان و بەرخۆدان بەرز دەکەینەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکەی.

 

"خەون و خەیاڵەکانی شەهیدەکان دێنەدی"

نیدا ساڵح، ئەندامی کۆنگرەی ستار جەختی لەوەکردەوە کە بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و فەلسەفەی ئازادی ژنان لەناو ژناندا یەکێکە لە بەرهەمی کارەکانی شەهید ماڵداو وتی: ئەمڕۆ فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بووەتە دروشمێکی بنەڕەتی بۆ هەموو ژنانی جیهان، ئەمە سەرکەوتنێکی مێژووییە، بە دڵنیاییەوە ئەمە کاری شەهید مالدا و هەزاران شەهیدی ئازادیدایە، با دڵیان ئاسوودە بێت، خەون و خەیاڵەکانیان ئەمڕۆ بەدیدێن، هیچ شتێک بۆ ئێمە ئاسان نییە کە ژیانێکی ئازاد و سەرکەوتوو بژین و ئێمە باجی زۆر دەدەین، بژی ژنانی ئازاد، شەهیدەکان نامرن.

 

مەڕاسیمەکە بە دروشمی "شەهید نامرن" کۆتایی پێهات.