ژنانی ئامەد: بە یەکگرتوویی و ڕێکخراوەیی حکومەتی ئێستا لادەچێت

ئەو ژنانەی بەشداریان لە چالاکییەکانی ١ی ئایاردا کرد، وتیان دەیانەوێت لە ١٥ی ئەم مانگەدا لە ڕۆژێکی جیاوازدا دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە خەو هەڵبستن و داکۆکی لە دەنگەکانیان بکەن و سندوقەکانی دەنگدان بپارێزن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد-ژنانی ئامەد داوایان لە هەموو کرێکارانی ژن و پیاوی باکوری کوردستان و تورکیا کرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و پاراستنی داهاتووی منداڵەکانیان، کە دەنگ بدەن بۆ گۆڕینی حکومەت و ڕژێمی ئێستا.

 

ژنانی بەشداربوو لە چالاکییەکانی ١ی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکاران، چاوەڕوانی خۆیان بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەربڕی، سەمیحە گولەر، ئەندامی سەندیکای کرێکارانی خزمەتگوزاری گشتی ئاماژەی بەوەکرد پشتیوانی لە ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری دەکەن، کۆتایی بەو ستەمە دەهێنن کە لەلایەن حکومەتی ئێستای وڵاتەکەوە ئەنجام دەدرێت و وتی: ئێمە دەمانەوێت پێشێلکارییەکانی مافەکانی کرێکاران بوەستێت و مافەکانیان وەربگرن، وەک کرێکاران دەڕۆین و دەنگی خۆمان دەدەین بۆ ناشتنی ئەو دەسەڵاتەی ئێستا، دەنگەکانمان و سندوقەکانی دەنگدانمان دەپارێزین، دەمانەوێت هەموو کرێکاران یەکبگرن و بە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان دەنگ بۆ گۆرانکاری بدەن بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێستا و حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە.

 

"پێویستە ئەم سیستمە بگۆڕدرێت"

ئەیفر ئەرتان، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بیر سوڵتان عەبدال، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم سیستەمە دوای ئەم هەڵبژاردنانە بگۆڕدرێت و وتی: ئەم سیستەمەی یەک ئایین، یەک زمان و یەک سیستمی دەوڵەت بۆ ماوەی ٢٠ ساڵە بەردەوامە و دەبێت بە زووترین کات ئەمەبگۆڕدرێت بە میتۆدی فرەیی، لە کاتێکدا کە دەچن بۆ بنکەکانی دەنگدان پێویستە گەل ئەم شتانە لەبەرچاو بگرن، جیاکاری چینایەتی، پەراوێزخستن و کوشتنی ژنان و منداڵان کە لە بەرزترین ئاستەکانی وڵاتەکەدان، پێویستە ئەم ڕژێمە لە بەیانی ١٥ی ئایاردا گۆڕدرابێت، دەمانەوێت بە شێوەیەکی جیاواز لە خەو هەستین بۆ ئازادی هەموو هاوڕێ زیندانیکراوەکانمان و داهاتووی هەموو منداڵەکانمان، دەنگ بە کەمال کلیچدائۆغلو دەدەین لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و بۆ پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، دەبێت ڕژێمی تاک پیاو بڕوات.

 

"ئێمە داوای قۆناغێکی کارگێڕی دەکەین کە تێیدا کرێکاران مافەکانیان بەدەست بهێنن"

زوڵاڵ ئولوک، کارمەندی تەندروستی کە وتی: ئێمە باش دەزانین کە کرێکاران هەڵوێستێکی تاکلایەنە دەگرنەبەر لەو شوێنەی کە بتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن، بۆ ئەمەش دەنگی خۆمان دەدەین بە پارتی چەپی سەوز و لەگەڵ ئەوەشدا پێکەوە مافە دزراوەکانمان دەگەڕێنینەوە، ئێمە پێکەوە لە هەمان گۆڕەپاندا بەرگری دەکەین و ئەوان پشتگیریمان دەکەن.

 

"دەمانەوێت کاری خۆمان بکەین"

هەروەها ئیلەم یاڤوز، کرێکاری ماڵان، ئاماژەی بەوەکرد لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دەدات و وتی: وەک ژنێکی کرێکار و هەروەها دایکێک دەمەوێت بارودۆخی وڵاتەکە بگۆڕێت، تاکە هیوای ئێمە بۆ گۆڕانکاری پارتی چەپی سەوزە، کرێکاران و فەرمانبەران براوە دەبن، ئێمە براوە دەبین، ئەم حکومەتە دەبێت بڕوات، من لە ٧ مانگی دووگیانیدام وەک دایکێک بۆ منداڵەکەم دەمەوێت بارودۆخەکە بۆ داهاتووی ئەو بگۆڕێت، بە یەکگرتوویی و ڕێکخراوەیی ئەم حکومەتە لادەچێت.