دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: كرێكاران ئەركێكی نیشتمانی و قورسیان لە ئەستۆدایە
بەبۆنەی ١ی ئایار رۆژی جیهانی كرێكارانەوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، پێویستە کرێکاران بیمە بکرێن.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/04/20230430-142472019-a5ed4ab3466085ce485bbba6a914aa50-l-jpg80d87d-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، پیرۆزبایی لە سەرجەم كرێكارانی جیهان بە گشتی و كرێكارانی كوردستان بەتایبەتی دەکات و تێیدا هاتووە: ئەم ڕۆژە بووەتە هێمایەكی مێژوویی بۆ بەرگریكردن لە كرێكاران و ڕووبەڕووبونەوەی چەوساندنەوەی ئەو توێژە كاریگەرەی نێو كۆمەڵگەكان لە جیهاندا.
ئاماژە بەوەشکراوە، كرێكاران ئەركێكی نیشتمانی و قورسیان لە ئەستۆدایە كە بریتییە لە ئاوەدانكردنەوەو پێشڤەچونی وڵات، بۆیە هەمیشە جێگای شانازین و ماندوبونیان بەرزدەنرخێنن و هیوادارن ئەم یادەو چالاكیەكانی ئەم یادە ببێتە هۆی باشتربونی ڕەوشی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ باسی لەوەشكردوە، پشتگیری تەواوی مافەكانی كرێكاران دەكەن لە هەرێمی كوردستان و داواكارن كە لایەنە پەیوەندیدارەكان پرسی كرێكاران بە گرنگیەوە وەربگرن و سەرجەمیان لە كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت بیمە بكرێن و مافە یاسایەكانیان بۆ دەستەبەر بكرێت، بە گوێرەی یاسا بەركارەكان لە هەرێمی كوردستان دۆخی ژیان و گوزەرانیان بەرەوە قۆناغێكی باشترو ژیانێكی ئاسودەتر هەنگاو بنێت، هەروەها پشتگیری جێبەجێكردنی یاسای كاردەكەن كە ئەمساڵ لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوو بەمەبەستی پاراستنی مافی كرێكار و خاوەن كار.