"ئەو دەنگەی لە جیندرێسەوە بەرزبووەوە بانگەوازی ئازادی گەلی کوردە"
ئیلهام محەمەد، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی شەهبا باسی لەو کۆمەڵکوژییە کرد کە شەوی نەورۆز لە جیندرێس ڕوویدا و وتی: ئەم ئاگری نەورۆزە کە نوێنەرایەتی بەرخۆدانی گەلی کورد دەکات، هەرگیز نامرێت.
شەهبا
لە ٢٠ی ئادار، شەوی نەورۆزدا هاوڵاتیانی کورد لە ناوچەی جیندرێسی هەرێمی عەفرین کاتێک ویستیان ئاگری نەورۆز بکەنەوە، لەلایەن چەتەکانی شەرقیەی سەربە دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان کرایەسەر و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا، پاش ئەو کۆمەڵکوژییە خەڵکی ناوچەی جیندرێس ڕژانە سەر شەقامەکان و کۆمەڵکوژیەکەیان شەرمەزار کرد و داوای لێپرسینەوەیان لە بکوژان کرد.
هاوکات لە زۆرێک لە شارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و باشووری کوردستان کۆمەڵکوژییەکە شەرمەزار کرا و گەلی عەفرینیش کە بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکەوە ڕوویان لە شەهبا کرد لە دژی کردەوەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ڕژانە سەر شەقامەکان و تووڕەیی خۆیان دەربڕی.
"نەورۆز ڕۆژی بەرخۆدانە"
ئیلهام محەمەد، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی شەهبا، باسی لە کۆمەڵکوژییەکەی جیندرێس کرد و ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک نەک تەنها لە عەفرین بەڵکو لە دەرەوەی عەفرینیش خەڵک دەکوژێت، وتیشی: لە مێژووەوە تا ئێستا نەورۆز بە بەرخۆدانێکی گەورەوە پیرۆز کراوە، ئەم مانگە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە لە مانگی ئاداردا ڕووداوی زۆر گەورە ڕوویداوە، گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی ئەم مانگەی گەلی کورد، وەک کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، کۆمەڵکوژی ١٢ی ئاداری ٢٠٠٤ شاری قامیشلۆ، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنەکانی سوریا کۆچکردنی خەڵکی عەفرین لەم مانگەدا دەستیپێکرد بۆ ئەو مەبەستەش نەورۆز هەم بە ئازار و هەمیش بە بەرخۆدانێکی زۆرەوە پێشوازی لێ دەکرێت، جەژنی نەورۆز تەنیا وەک ئاهەنگێک نییە، نەورۆز تامی ئازادیمان پێ دەبەخشێت، هاوکات نەورۆزی ٢٠٢٣ش بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز کرا، چونکە ڕێبەر ئاپۆ داوای ئازادی هەموو گەلان دەکات، نەورۆز بە پەرۆشییەکی زۆرەوە لە هەموو بەشەکانی جیهان پیرۆز کرا لە هەر چوار پارچەی کوردستان تا وڵاتانی ئەوروپا بە ڕۆحی ڕاپەرین پەرۆشی گەلی کورد دەرکەوت.
"ماوەی ٥ ساڵە خەڵکی عەفرین لە هەموو شوێنێکدا بەرخۆدانی دەکەن"
ئیلهام محەمەد لە قسەکانیدا باسی لە کۆمەڵکوژییەکەی جیندرێس کرد و ناڕەزایی خۆی دەربڕی و وتی: خەڵکی ناوچەی جیندرێس کاتێک هەوڵیان دا ئاگری نەورۆز بکەنەوە لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە هێرشیان کرایە سەر و لە شەوی نەورۆزدا چوار هاوڵاتی عەفرین شەهید کران، ئەم ڕووداوە بۆ ئێمە زۆر بە ئازار بوو، ڕۆژانە ئەوانەی لە عەفرین ماونەتەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و دەستگیر دەکرێن، دەچەوسێنرێنەوە و کۆمەڵکوژ دەکرێن، ئێستاش دەبینین ئەو کەسانەی دەیانویست لە بەردەم تروسکەی ئاگردا نەورۆزی خۆیان پیرۆز بکەن، لەلایەن چەتەکانی تورکەوە کۆمەڵکوژ کران، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا خەڵکی عەفرین چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە لە بەرخۆداندان.
بانگەوازی بۆ پشتگیری
ئیلهام محەمەد، تیشکی خستەسەر پێگەی گەل لە جیندرێس و وتی: بە تایبەتی ئەو بەرخۆدانەی لە دوای نەورۆزەوە سەریهەڵدا زۆر پیرۆزە، ئێمە وەک هاوڵاتیانی عەفرینی دانیشتووی شەهبا ئەم بەرخۆدانە بە پیرۆز دەبینین و سڵاوی لێ دەکەین، پێویستە هەمووان پشتگیری ئەم بەرخۆدانە بکەن، چونکە ئەو کەسانەی ئێستا لە ژێر داگیرکاریدا دەژین، دەیانەوێت جارێکی تر دەرفەتێک بۆ ئازادی بەدەستبهێنن، ئەو دەنگەی لە جیندرێسەوە بەرزبووەوە بانگی ئازادی هەموو کورد دەکات و پێویستە هەموومان پشتگیری ئەم ڕاپەڕینە بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەم گەلی عەفرین کە لە ناو عەفریندا دەژین و هەم ئەوانەی لە کامپی شەهبا دەژین کۆبکەینەوە و جارێکی تر تامی ئازادی ببیننەوە.