٨ ساڵ دوای فەرمانەکە گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدرانەوە

دوای ٨ ساڵ لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال، لە ٤ی ئاداردا گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە گوندی حەمدان لە شەنگال هەڵدرایەوە و ئەو ژنانەی کە وێنەی کەسوکارە ونبووەکانیان بەدەستەوە گرتبوو، وتیان: دەمانەوێت چارەنووسی بێسەروشوێنەکانمان بزانین.

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال- کۆمەڵگەی ئێزدی لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی چەندین هێرشی کۆمەڵکوژی بووەتەوە، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا لەژێر فەرمانی ٧٤دا ٧ هەزار ژن و منداڵی ئێزدی ڕفێندران و هەزاران ئێزدیش بە دڕندانەترین شێوەی کۆمەڵکوژکران، دەوڵەت لەبەرامبەر ئەم دڕندەییە بێدەنگ بوو و لە سەدەی ٢١دا ژنانی ئێزدی چەندین کردەوەی نامرۆڤانەیان بەرامبەر کرا، ٨ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێدەپەڕێت و ئەم تراژیدیایە هێشتا وەک برینێک لە دڵی کۆمەڵگەی ئێزدیدا ماوەتەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی دەوڵەتی عێراق و زۆربەی وڵاتان ئەو هێرشانەیان بە جینۆساید نەناساندووە، هەروەها ڕێککەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەم، کە لە نێوان دەوڵەتی تورک و عێراق و پەدەکە واژۆ کراوە، بە بەردەوامیی کۆمەڵکوژییەکە دادەنرێت.

 

کار بۆ ڕزگارکردنی ژنان دەستیپێکردووە

هەندێک لە ژنانی ئێزدی توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، بەڵام ئەوانەی نەیانتوانی ڕزگاریان ببێت لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ئەشکەنجەی جەستەیی و سێکسیان بەرامبەر ئەنجامدرا، لە ئامەد پلاتفۆرمی خەبات بۆ ژنانی بەزۆر بەندکراو دامەزرا و یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە لەو چوارچێوەیەدا کاری گرنگیان ئەنجامدا، لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا سەدان ژنی ئێزدی لە چنگی چەتەکان ڕزگارکران، بەڵام زانراوە کە هێشتا زۆرێک لە ژنانی ئێزدی چاوەڕوانی ڕزگار کردنن.

 

بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووەکان گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەدرێنەوە

دوای ئەو کۆمەڵکوژییە ژنانی ئێزدی بە چڕی سەرنجیان خستەسەر ڕاهێنانی خۆپاراستن لەسەر بنەمای هێرشەکانی ڕابردوو، ژنانی ئێزدی کە هێزی خۆپاراستنی خۆیان دامەزراندووە، لە زۆر بوارەوە، لە سیاسەتەوە تا هونەر، لە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەتا ڕێکخستن، بوونی خۆیان نیشانداوە، گەلی ئێزدی بەگشتی بۆ ئەوەی جاریکی تر فەرمیانیان بەسەردا نەیەت، هێزی خۆڕێکخستنبوونیان بونیادنا، لەلایەکەوە خەبات بەردەوامە و لەلایەکی دیکەشەوە کار بۆ دۆزینەوە و ناساندنی ئێزدیەکان دەکرێت کە لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون، تا ئێستا ٢١ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە کە نزیکەی ٥٠٠ تەرم دەرهێندراون و نزیکەی ٦٠ گۆڕی بەکۆمەڵ ماوە هەڵبدرێنەوە.

 

کۆمەڵکوژییەکە بە سیاسەت بەردەوامە

دەوڵەتی عێراق لە فەرمانەکەدا شەنگالی نەپاراست و دوای فەرمانەکەش شەنگالی نەپاراست و ڕێگای کردەوە بۆ هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک، بەو شێوەیەش سیاسەتەکانی خۆی لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕاگەیاند، دەوڵەتی عێراق لە پێگەیەکدایە کە بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لە سیاسەتە مەترسیدارەکانی پەدەکە لە دژی شەنگال دەکات، سیاسەتەکانی سەر شەنگال کە دەوڵەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ پەدەکە و دەوڵەتی تورک پەیڕەوی دەکات، هەمیشە پێشەنگی کۆمەڵگەی ئێزدی و بەهاکانی کۆمەڵگە بە ئامانج دەگرن، جێی ئاماژەیە دوای هەر هێرشێک دەوڵەتی عێراق بڕیاری کردنەوەی یەکێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە دەدات، کە لەلایەن داعشەوە دروستکراوە.

 

پێشەنگانی کۆمەڵگە دەکرێنە ئامانج

دەوڵەتی عێراق دوای ٦ ڕۆژ لە شەهیدکردنی پیر چەکۆ و ئاگری جەعفەری فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرگری شەنگال-یەبەشە و شێرزاد شەمۆ، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئێزدیخان، لەلایەن میتی تورکەوە، بڕیاریدا گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە گوندی حەمدان لە شەنگال هەڵبداتەوە، بەرپرسانی دەوڵەت لەکاتی هەڵدانەوەی گۆڕەکاندا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال و یەکەکانی بەرگریان ئاگادار نەکردەوە، بەڵکو تەنها کەسانی سەر بە دەوڵەتی عێراق و پەدەکە و باوکە شێخ، کە سەرکردەی ڕۆحیی کۆمەڵگەی ئێزدییە بەشدارییان کرد، ژنانی ئێزدی کە بە فرمێسکەوە سەیری گۆڕەکانیان دەکرد، چاوەڕوانی بینینی کەسوکارە ونبووەکانیان دەکرد.

 

لە کۆمەڵکوژیەکەدا هەموو خێزانەکەی لەدەستدا

ساکینە میراد خدر، وەک هەر ئێزدییەک پێی وابوو کە پەدەکە و هێزە عێراقییەکان شەنگال دەپارێزن کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، بەڵام ئەو وێنەیەی کە دەرکەوت پێچەوانەی ئەمە بوو، خیانەت و دڕندەیی داعش زۆرترین زیانی بە دایکانی ئێزدی گەیاند، دایە ساکینەش کە هەموو خێزانەکەی لەم کۆمەڵکوژییەدا لەدەستدا، لە بەردەم گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا وەستابوو، وتی: ئێستا ماڵی من لە گوندی سۆلاکە، پێش فەرمانەکە ماڵی ئێمە لە گوندی حەمدان بوو، کاتێک داعش ئێمەی گرت، ٩٥ کەس بووین لێرە جیابووینەوە و دواتر بردراین بۆ تەلەعفەر، دوای فەرمانەکە ٧٢ کەس گەڕاینەوە و ٢٣ ژن و پیاو لە دەستی داعش مانەوە، ئاواتمان ئەوەیە کە خزمەکانمان بگەڕێنینەوە ئەگەر گیانیشیان لەدەستدابێت، دەمانەوێت تەرمەکانیان ببینین.

 

ئێمە ساڵانێکە چاوەڕوانی گۆڕەکۆمەڵەکان بووین

دایە ساکینە، ئاماژەی بەوەدا، دەیانەوێت چارەنووسی بێسەروشوێنبووەکانیان بزانن و وتی: ئێمە چەندین ساڵە لە بەردەم ئەم گۆڕە بەکۆمەڵەدا وەستاوین و هەمیشە چاوەڕێین، دەمانەوێت چارەنووسی بێسەروشوێنبووەکانمان بزانین. ئێمە چیتر هێزمان نییە، لە خێزانەکەمدا ٥ منداڵ و مامم و منداڵەکانی مامم و ٢٣ پیاو لە ماڵی ئێمە بێسەروشوێن بوون، هەموو ئەوانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا دۆزراونەتەوە خەڵکی گوندی حەمدانن، کاتێک فەرمانەکە هات، خەڵکی تل بەنات و گوندەکانی دەوروبەری بەرەو چیاکان ڕۆیشتن و گوندەکەمان لەسەر ڕێی چیا بوو، هەر بەو هۆیەوە زۆرێک لەوان لێرە بوون و هەموویان لەوکاتەدا لەلایەن داعشەوە گیرابوون، بۆیە نازانین چەند کەس لەم گۆڕە بەکۆمەڵەدا هەن. زۆرێک لەو خێزانانەی ئێستا هاتوونە ئێرە ئەوانەن کە لە چنگی داعش ڕزگارکراون.

 

ئەو ژنانەی کە وێنەی خزمەکانیان بەدەستیانەوە گرتبوو، چیرۆکی ئەو وێنانەیان بۆ باس کردین و هەوڵدەدەن بە زووترین کات چارەنووسی بیسەروشوێنبووەکانیان بزانن.