ئیڤان فایەق: ٣٠١ خێزانی ئاوارەی کامپەکانی سلێمانی بۆ ناوچەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، یەک هەزار و ٦٣٧ ئاوارە لە کامپەکانی شاری سلێمانی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، یەک هەزار و ٦٣٧ ئاوارە کە بریتیین لە ٣٠١ خێزان لە کامپەکانی ئاشتی و ناوەندی پارێزگای سلێمانی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ پێنج پارێزگای باشور و ناوەڕاستی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژمارەیەی دەگەڕێنەوە خەڵکی ناوچەکانی سەڵاحەدین و ئەنبار و دیالە و نەینەوا و بەغدان و هەماهەنگی کراوە لەگەڵ هێزە ئەمنی و بەرپرسانی ناوچەکان و وەرگرتنی مۆڵەت بۆیان بۆ گەڕانەوەیان، وتیشی: گەڕانەوەی ئاوارەکان وەک تەواوکاری پابەندبوونە بە بەرنامەی سەقامگیری خێزانە گەڕاوەکان.
لە مانگی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدابوو، دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی ناوچە داگیراوەکان لە دەستی داعش لە عێراق، تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ٢٠٠ هەزار ئاوارەی عێراقی، کە زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالەن، بەهۆی چەند پرسێکی ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.