نەتەوەیەکگرتووەکان: سوریا دوو دەروازەی سنوری بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان دەکاتەوە
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات، حکومەتی سوریا ئامادەیی بۆ کردنەوەی دوو خاڵی پەڕینەوەی "باب ئەلسەلام" و "ئەلڕەعی" بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ڕێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییەکان دەربڕیوە.
ناوەندی هەواڵ
لە دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، تەنها یەک خاڵی پەڕینەوە "باب ئەلحەوا" کراوەیە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا، ئەمەش دۆخی خەڵکەکە و زیانلێکەوتووانی لەو وڵاتەدا، کە لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا جەنگی تێدابووە، سەختتر کردووە.
ئەو خەڵکەی کە ماڵ و حاڵیان ویران بووە و لەسەر شەقامەکان درێژە بە ژیان دەدەن، بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی سوریاوە دۆخیان نالەبارترە، ئەو هاوکارییانەشی دەگەیەنرێتە هەرێمەکە بەهۆی ڕێگرییەوە ناگاتە دەست خەڵک.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد کە گەیاندنی خۆراک، پێداویستی تەندروستی، پاراستن، پەناگە، پێداویستی زستانە و پێداویستیەکانی تری پاشەکەوتکردنی ژیان بۆ ملیۆنەها کەس کە زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەن لەوپەڕی پێویستیدایە، هەروەها دەبێت خاڵی پەڕینەوەکان زیاتر بکرێن بۆ ئاسانکردنی گەیشتنی مرۆیی.
دوێنێ ١٣ی شوبات، لە نیویۆرک ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا و بەپێی ڕاپۆرتەکان باس لە خێراکردنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کراوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایدەکات و پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی سوریا دەکات کە ئامادەیی بۆ کردنەوەی دوو خاڵی پەڕینەوەی "باب ئەلسەلام" و "ئەلڕەعی" بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ڕێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییەکان دەربڕیوە.
وتی: "کردنەوەی دەروازەی زیاتر ڕێگە بەخیراکردنی گەیاندنی هاوکارییەکان دەدات و دەتواندرێت بڕی هاوکارییەکانیش زیاتر بکرێت".