ئەوانەی لەژێر دارووپەردوودا ماونەتەوە سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن بۆ داواکردنی یارمەتی

ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی قوربانیانی بوومەلەرزەکە لەناو سەرمایەکی بەستەڵەکدا بەردەوامە،  زیاتر لە ٥ هەزار کەس گیانی لەدەستداوە، دەیان هەزار کەس بریندار بوون و لەژێر باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە چەقەکەی پارێزگای مەڕەش و دیلۆک بوو، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستدا و هەزاران باڵەخانەی کردە داروپەردوو، دووەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاکەوتنی بەپەلە لە ئارادایە بۆ ئەو کەسانەی لە ژێر داروبەرد و باڵەخەکاندا ماونەتەوە.

 

تیمە ڕزگارکارەکان لە شەوی سارد و ڕۆژی درێژدا گەڕانەکانیان بەردەوامە، بەو هیوایەی کەسانێکی زیاتر ڕزگاربکەن، لەکاتێکدا ئەوانەی گیریان خواردبوو لە ژێر باڵەخانەکاندا هاواریان دەکرد بۆ یارمەتی، بەشێكی دیکەشیان لە ژێر ماڵ و باڵەخانەکاندا سۆشیال میدیایان بەکارهێنا بۆ ئەوەی دەستی یارمەتیان بۆ درێژبکەن و شوێنەکانیان بۆ ڕزگارکەران دیاری بکەن.

 

فیرات یایلا، یوتیوبەر ناسراو بە چارمکوێل، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە بۆشایییەکی تاریکدا تۆمارکراوە، دەڵێت: هاوڕێیان، ئێمە لە ژێر پاشماوەی بوومەلەرزەکەدا گیربووین.