لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ٢٣٧ کەس گیانیان لەدەستدا

زیانەکانی بوومەلەرزەکە لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لە هەڵکشاندایە و تا ئێستا نزیکەی ٢٣٧ کەس گیانیان لەدەستدا و لانیکەم ٦٣٩ کەسیش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٥ پلەی ڕێختەر لە کاتژمێر ٠٤:١٧ خولەکی بەرەبەیان لە شاری مەرەش لە ڕوویدا و لە شارەکانی دهۆک و هەولێر لە باشووری کوردستان و شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش هەستی پێکرا، لە هەندێک ناوچەش وێرانکاری لێکەوتەوە.

 

زیانە گیانییەکانی بوومەلەرزەکە تادێت لە هەڵکشاندایە و بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ئیدارەی دیمەشق، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٣٧ کەس، ژمارەی بریندارەکانیش ٦٣٩ کەس بووە.

 

بوومەلەرزەکە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باکووری کوردستانەوە دەستیپێکرد، ببووە هۆی وێرانبوون و ڕووخانی دەیان باڵەخانە لە شارەکانی وەک حەلەب، حەما، تەرتوس و لازقییە لە باکووری سوریا، تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە هاوڵاتیانی ژێر داروپەردووەکە.

 

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، سەرجەم یەکە و باڵەخانە و دامودەزگاکانی لە سەرجەم پارێزگاکان کۆکردووەتەوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری فریاگوزاری و دەستەبەرکردنی هاوکاریی بەپەلە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە، بەردەوامە و چارەسەری بریندارەکانیش دەکرێت.

 

لە بەشێک لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب، کە بە شێوەیەکی سەرەکی کورد نیشتەجێن و نزیکەی ٥ مانگە لەژێر گەمارۆی ئیدارەی دیمەشقدان، هەندێک باڵەخانە وێران بوون، ٦ کەس کە چواریان ژنن گیانیان لەدەستدا و ٨ منداڵیش بریندارن.

 

بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەشێک لە باڵەخانەکان لە کانتۆنی شەهبای سەر بە ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕووخان، ٣ هاوڵاتی لە ژێر داروپەردوودا بریندار بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کانتۆنی شەهبا نزیکەی ٥ مانگە لەژێر گەمارۆی ئیدارەی دیمەشق دایە.