بەهۆی کەشوهەواوە ١٢٤ کەس لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی تاڵیبان ئاماژە بەوەدەکەن، لانیکەم ١٢٤ کەس بەهۆی بەفربارین و سەرماوە لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە و ٧٠ هەزار ئاژەڵیش لەناوچوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەفر بارین و سەرمای ئەفغانستان لە کاتێکدایە کە تاڵیبان قەدەغەی کردووە ژنانی ئەفغانی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان کاربکەن، چەندین دەزگای خیرخوازیش هاوکارییەکانیان ڕاگرتووە.

 

محەمەد عەباس ئاخوند، وەزیری بەڕێوەبردنی كارەساتەكانی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە، ئێستا زۆرێك لە ناوچەكانی ئەفغانستان بە تەواوی بەهۆی بەفرەوە داخراوە و دوای ئەوەی هێلیكۆپتەرە سەربازییەكان بۆ فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچە شاخاوییەكان كران نەیاندەتوانی  بنیشنەوە، بەڵام پێشبینی دابەزینی زیاتری پلەكانی گەرما لە ١٠ رۆژی داهاتوودا دەكرێت.

 

ئاماژە بەوەکراوە کە ١٢٤ کەس بەهۆی ئەو کەشوهەوا سەختەوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان شوان یان خەڵکی گوندنشین بوون.

 

وەرزی زستان لە ناوچەکە هەمیشە سەخت بووە، بەڵام ئەمە خراپترین کەشوهەوایە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا و ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ڕێکخراوە ناحکومیەکان دۆخەکەی زیاتر سەخت کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی یارمەتی، بە نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە، بە پەلە هەوڵ دەدەن ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ کارکردن سەرەڕای ئەم قەدەغەیە.