خۆپیشاندانەکان بەردەوامە و ئێران سزای چالاکوانان دەدات

نوشین کشاوەرزنیا، چالاکوان و توێژەری کۆمەڵایەتی سزای پێنج ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک بەسەردا سەپێندرا و چالاکوانانی دیکەش لەژێر دەسەڵاتی دادوەریدا سزا دەدرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ەوەوە بە کوشتنی ژینا ئەمینی و پێشەنگایەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران درێژەی هەیە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وڵاتی گرتووەتەوە، لەو ماوەیەدا ٥٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤ کەس لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەسێدارە دراون، ١٩ هەزار و ٤٠٠ کەس لە زیندانەکاندان و ڕۆژانە سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

 

سزای پێنج ساڵ زیندانی کردن لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە بۆ نوشین کشاوەرزنیا، چالاکوانی مافەکانی ژنان و توێژەری کۆمەڵایەتی سەپێندرا، کە پێشتر لە ١٢ی ئەیلول بۆ لقی ٢٩ی دادگای شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی پیلانگێڕان بۆ چالاکی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی دەرچووە.

 

نوشین کشاوەرزنیا ڕۆژی دووشەممە  ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢ دوای بانگکردنی لەلایەن بەرپرسێکی ئاسایشەوە، دەستگیرکرا و گوازرایەوە بۆ بنکەی دەستبەسەرکردنی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەشی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین و دوای دوو هەفتە دەستبەسەرکردن، ڕۆژی شەممە ٧ی ئایاری هەمان ساڵ بەکەفالەتی کاتی ١ ملیار تمەنی ئیرانی تا کۆتایی کارەکان ئازاد کرا.

 

لە ساڵی ٢٠٠٢، نوشین توێژەری کۆمەڵایەتی و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان دەستی بە کار کرد و لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر تیشکی خستە سەر دروستکردنی ژینگەیەکی سەلامەتی کارکردن دوور لە گێچەڵکردن و توندوتیژی بۆ ژنان، لەو تۆمەتەی کە لە دادگادا پێشکەش کراوە بە "هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناڕەزایەتیی گشتی و یاخیبوون لە ڕێگەی سەرنجی گشتی بۆ ڕووداوی توندوتیژی و دروستکردنی داواکارییەکی هەڵە بۆ یەکسانی جێندەری" تۆمەتبار کراوە.

 

فاتمە ڕەحمەتی خەڵکی ئابادان، خوێندکار، دوێنێ ١٤ی کانوونی دووەم، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەت بە جلوبەرگی ئاساییەوە دەستبەسەر کرا و لێیدراوە و لەسەر زەوی ڕاکێشراوە، لەکاتێکدا کە چووەتە دەرەوە بۆ تاقیکردنەوەی یەکەمی وەرز.

 

جێی ئاماژەیە، فاتمە ڕەحمەتی پێشینەی کێشەی دڵی هەبووە و نەزانینی بارودۆخی جێگەی نیگەرانییە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنەکانی سەندیکای خوێندکارانی ئێران پشتڕاستکرایەوە کە دینا فەرهادی، خوێندکاری تەلارسازی لە زانکۆی ئەهواز، تەمەن ٢٢ ساڵی ئیزەیی دانیشتووی شاری ئەهواز لەلایەن ڕژێمەوە بە گولـلەی بەسیجەکان کوژراوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتەکە، دنیا فەرهادی سەعاتێک دوای ململانێی زارەکی لەگەڵ بەسیجەکانی زانکۆ لە شوێنێکی شاری ئەهواز بە هۆی گولـلەوە برینداربووە و دوای چەند ڕۆژێک تەرمەکەی لە نزیک ڕوباری کارون بە مردووی دۆزرایەوە، میدیاکانی سەر بە حکومەتی ئێرانیش ڕایانگەیاند مردنەکەی خۆکوشتنە بەبێ ئەوەی ڤیدیۆ و بەڵگەیەک پیشان بدرێت.

 

دوێنێ، ١٤ی کانوونی دووەم، ژنە چالاکوان شادی عامری و عەلی فەتحی هاوژینی لە دیولان دوای بانگهێشتکردنیان بۆ دادگا دەستبەسەر کران، بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، شادی عامری دوای بانگهێشتکردنی بۆ دادگا بە تەلەفۆن بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، دواجار بە کەفالەتی ٤٠٠ ملیۆن تۆمان بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە، هەروەها عەلی فەتحی هاوژینیشی، کە بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی هاوژینەکەی چووە دادگا، دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

 

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتی ئەم هاوژینە و شوێنی عەلی فەتحی نییە.