ژنێکی گەنجی کورد لە بەریتانیا خەڵات دەکرێت
تواناکانی گەنجانی کورد سەرتاپای جیهانی گرتووەتەوە، ئەمەش وایکردووە ژنێکی گەنجی کورد لە وڵاتی بەریتانیا بەهۆی بەرزی نمرەی قوتابخانەوە خەڵاتێکی مێژووی وەربگرێت.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/01/20230114-hsn-jpgf7b8be-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ژنێکی گەنجی کورد، بە ناوی دیە کاروان حسێن، کە یەکێکە لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا و خوێندکارە لە شاری هۆڵ، لە تاقیکردنەوەکانی GCSEی تایبەت بە دوا قۆناغەکانی ئامادەیی، توانی ببێتە یەکێک لە خوێندکارە یەکەمەکانی سەر ئاستی خوێندنگە و شارەکەی.
لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕێژەی ئەو بەشداربووانەی لە GCSE بەشدارییان کردووە و نمرەی بەرزیان هێناوە، بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد، دوای ئەوەی دوو ساڵ لەسەر یەک بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە هەڵوەشێنرانەوە.
دیە حسێن لە ساڵی ٢٠٢٢دا توانی ببێتە یەکێک لە بەرزترین نمرەکان و تێپەڕبوونی بۆ یەکێک لە بەشەکانی زانستی فیزیا، بیرکاری، زانستی کۆمپیوتەر و ئەندازیاری بەدەستهێنا.
سەد ساڵ لەمەوبەر، خوێندکارێک توانیویەتی هەمان ئەو نمرەیە بەدەستبهێنێت، کە دیە لەمساڵدا بەدەستیهێناوە، ئەو خەڵاتەشی بەخشراوەتە دیە، لە ماوەی ئەو ١٠٠ ساڵەدا دووەم جارە ببەخشرێت.