ژنێکی گەنج لە ڕاپەرین بە گوماناوی گیانی لەدەستدا
شەوی ڕابردوو ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە گوماناوی گیانی لەدەستداو دەوترێت خۆی کوشتووە، تا ئێستاش پۆلیسی ناوچەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە.

سلێمانی
درەنگانی شەوی ڕابردوو، ١١ی کانوونی دووەم، ژنێکی گەنج کە خوێندکارە و تەمەنی ١٧ ساڵە، بە ناوی "دیلان غەریب" لە شارۆچکەی حاجیاوای سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا و دەوترێت کە "کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".
تا ئێستاش پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین هیچ ڕوونکردنەوە و زانیارییەکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، هەروەها لە ماوەى ١٢ ڕۆژی ساڵی ٢٠٢٣دا چوار ژن بە هۆکاری جیاواز کوژراون و بە گوماناوی خۆیان کوشتووە.
لەگەڵ ئەوەی بەردەوام باس لەوەدەکرێت کە بە ڕێگای جیاواز بەر لە کوشتنی ژنان بگیرێت و توندتیژی سەریان کەم بکرێتەوە، بەڵام دەبینین ڕۆژانە ژنان دەکوژرێن و ئازار دەدرێن، ئاماری ساڵانەش دەرخەری زیادبوونی ڕێژەی تاوانە بەرامبەر ژنان.