١٦ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر ژنە گەنجەکەی هوانە دەستگیرکراون؛ چەقۆ و کەلوپەلیش گیراون
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەر ڕووداوی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی گەنجی ١٧ ساڵ، ١٦ کەس دەستگیرکراون و چەندین چەقۆ و کەلوپەلی شەڕیش دەستی بەسەردا گیراوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/12/20221231-hwana-jpgec33c9-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ١٦ کەس بە تۆمەتی دەستدرێژی و هێرش بۆ سەر کچێکی گەنجی ١٧ ساڵ دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکانی وتەبێژ خستیەڕوو، ئەو کچانەی لە شوێنی ڕووداوەکە بوون، خەڵکی سلێمانی بوون و سێ کچ بوون، ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەشدا دەرکەوتووە، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵە، ئەو هێرشکارانەی دەستگیرکراون، ژمارەیان ١٦ کەسە و سێ کەسیان خۆیان ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە.
وتەبێژی پۆلیس ئەوەشی ڕاگەیاند، کە چەندین چەقۆ و کەرەستەی شەڕ دەستی بەسەرداگیراوە و هێرشبەرەکان دانیان بە تاوانەکەیدا ناوە.