ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاتر ڕووبەڕووی جۆرەکانی توندوتیژی دەبنەوە

ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەهۆی ئەوەی کەمتر دەتوانن بەرەنگارببنەوە، زیاتر ڕووبەڕووی جۆرەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت: کێشە لە یاسا و دەستڕانەگشتنە بە پۆلیس.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراق بوونی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان ناخەنە بەرباس و بە نەبوونی ئاماری ڕاستەقینە و ئاشکرانەکردنی لەلایەن لایەنی فەرمییەوە حاڵەتەکانی توندوتیژی، دەستدرێژی و کوشتن و خۆکوشتن دەشارنەوە، ئەوانەشی ئاشکرا دەکرێن جگە لە ئاشکراکردنی وەک حاڵەتێک لە پارێزگاکاندا، هیچ وردەکارییەکی دیکە دەربارەی قوربانییەکان و شێواز و جۆری ڕووداوەکان ناخەنەڕوو.

 

ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٥ هەزار حاڵەتی توندوتیژی لە عێراقدا تۆمارکردووە، کە قوربانییەکان زۆربەیان ژن بوون (ژن، کچ، خوشک، هاوسەری برا، دایک)، بەڵام بەرپرسان، پارێزەران و چالاکوانان جەخت لەوەدەکەنەوە کە ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە کە ڕادەگەیەنرێت، به هۆی بێتوانایی زۆرێک له قوربانیانی توندوتیژی و دەستدرێژی و ڕێگەپێنەدان بۆ سکاڵا تۆمارکردن و داوانەکردنی هاوکاری زۆرینەی حاڵەتەکان بە شاراوەیی ماونەتەوە.

 

لەناو توندوتیژییەکان کە لە عێراقدا، هەرگیز باس لە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ناکرێت کە چەندە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە نمونەیەکی ڕاستەقینەدا، ساڵی٢٠٢٠ لە پارێزگای کەرکوک دەستدرێژی سێکسی کراوەیەسەر ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن دوو ئەندامی عەسکەری سەر بە عێراقەوە، بەڵام ئەم ڕووداوە جگە لە هەواڵێک، نەبووە جێی باس و چارەسەری.

 

دوایین ڕاپرسیی وەزارەتی پلاندانان دەریدەخات نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار خێزان لانیکەم کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدایە، کە ٥٨٠ هەزار و ٣٤٢یان ڕەگەزی مێ-ن و تێکڕای تەمەنیان ٢٤ ساڵە.

 

بەرپرسێکی پلە باڵای وەزارەتی ناوخۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سایتی "ئەلعەرەبی ئەلجدید" دەڵێت: "ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت زیاتر بەرەوڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە، چونکە دەرفەتی زیاتر بۆ ئەنجامدەر بۆ دەربازبوون لە سزادان هەیە"، ئاماژەی بەوەشکردووە کە کەم کەس دەتوانێت بگاتە بنکەکانی پۆلیس یان سکاڵا لە دادگا تۆمار بکات، ئەمەش بەهۆی نەتوانینی گەیشتن بەوان یان نەبوونی ئامراز بۆ گەیاندنی سکاڵا، و بێتوانایی و لاوازی بنکە و دادگاکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەیسانە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، "هەندێک لە ژنانی تووشبوو بە نەخۆشی داون، بۆ نموونە، یان ئەو ژنانەی خاوەن پیداویستی بیستن و بینینیان هەیە، لەلایەن کەسانێکەوە هێرشیان دەکرێتە سەر کە کەسانی نزیکن، بە شێوەیەکی گشتی هێرشەکان لە کەسانێکەوە دەکرێن کە لەناو بازنەی کەسە نزیکەکاندان".

 

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە لە یاسای عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ بڕگەیەک هەیە بۆ توندکردنەوەی سزاکان کاتێک قوربانییەکە کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە، یان تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، بەڵام کێشەکە ئەو کاتەیە کە سكاڵا تۆمار دەکرێت و بەڵگەی توندوتیژیەکان ئاشکرا دەکرێت.