تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی ئەو ژنە دانرا کە براکەی کوشتبووی

کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکوان و هاوڕێیانی ئەو ژنەی لەلایەن براکەیەوە کوژرا، تاجەگوڵینەیان لەسەر گۆرەکەی دانا و داوایان کرد لایەنی پەیوەندیدار لەسەر کەیسەکە بێتە دەنگ.

سلێمانی

 

٨ی تشرینی دووەم، له‌ گه‌ڕه‌كی‌ تاڤگه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی، برایەک هەڵیکوتایە سەر ماڵی خوشکەکەی بە ناوی "دەریا جاف" و به‌سه‌ختی‌ برینداری‌ کرد، دوای‌ دوو كاتژمێر ژنه‌كه‌ له ‌نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی‌ سه‌ختی‌ برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا، لە پاش بڕیاری دادوەرەوە بکوژەکە لە ماوەی یەک کاتژمێردا کە ناوی (ر، ب، م) و لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٤ ە دەستگیرکرا.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گردی سەیوان لە مەراسیمێکدا بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوانان، ژنانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و بەشێک لە هاوڕێکانی دەریا جاف، تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەکەی دانرا.

 

"پێویستە حکومەتی هەرێم دەربارەی کوشتنی ژنان بێنە دەنگ"

شەدە بەشیر، چالاکوانی مافی ژنان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، کوشتنی دەریا یەکەم حاڵەتی کوشتن نییە بە دەستی خێزانەکەی، ژنان دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت کە تەنها خێزان و هاوڕێکانیشی ناتوانن بێنەدەنگ لەسەری، چونکە لە ژێر هەڕەشەو مەترسیدان.

 

ڕوونیکردەوە ئەم بابەتە بابەتێکی هەستیارە، بۆیە گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی جدی لەسەری هەبێت، لەپێناو کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان، بەتایبەت کە ئێستا لە مانگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنانداین، "دەبێت تەواوی ژنان و لایەنی پەیوەندیدار پلانی جدیان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کوشتنانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، تەواوی ئەو یاسایانە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بۆ مافی ژنان دەرکراون، ڕێگری دەکەن لە بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت".

 

لە کۆتایدا وتیشی: بەسە ئیتر کوشتنی ژنان، چونکە لەگەڵ ئەوەی دەکوژرێن لە دوای کوشتنیشیان تیرۆر دەکرێن و پەنجەیان بۆ درێژدەکەن، تەنانەت خێزانەکانیشیان پاڵپشتیان لێناکەن.