لە تەقینەوەیەکدا لە کەرکوک دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا

بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە کەرکوک دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و سیانی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ، ١٧ی تشرینی یەکەم مینێک لە گەڕەکی بەدری شاری کەرکوک تەقییەوە و بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک، مینەکە پاشماوەی کۆنی جەنگ بووە، کاتێک هەندێک منداڵی گەڕەکی بەدر دەستکاریان کردووە پێیاندا تەقیوەتەوە.

 

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک ئاشکرایکردووە کە بەهۆی تەقینەوەکەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە و سیانی دیکەش برینداربوون.

 

جێی ئاماژەیە پاشماوەی مین و تەقەمەنییەکانی جەنگی کە بەشێكی زۆری گوندەکانی هەرێمی کوردستان و لە شارەکانی ناوچە جێناکۆکەکاندا هەیە، بووەتە مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان و بە تایبەت منداڵان، چونکە لە کاتی یاریکردن و بێ ئاگایانە دەستکاری کردنیان دەتەقێتەوە و ساڵانە چەندین بەرکەوتەی لێدەکەوێتەوە.