تەرمی ژنێکی کۆچبەر دۆزرایەوە
تەرمی کۆچبەرێکی دیکەی ئەو دوو بەلەمەی ھەفتەی ڕابردوو لە کەناراوەکانی یۆنان ژێرئاوکەوتن، دۆزرایەوە، بەوەش ژمارەی تەرمە دۆزراوەکان بۆ ٣٠ تەرم زیادی کرد.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/10/20221012-balam-jpg0ef7e9-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
بەرپرسانی یۆنان ڕایانگەیاند، تیمی کەناراوەکان تەرمی ژنێکی کۆچبەریان لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی " کیسیرا" دۆزیوەتەوە و پێدەچێت یەکێک بێت لەو کۆچبەرانەی شەوی چوارشەممەی ڕابردوو بەلەمەکەیان بە ٩٥ کۆچبەرەوە لە نزیک ئەو دوورگەیە ژێرئاوکەوت، کە لەو ڕووداوەدا ٨٠ کۆچبەر ڕزگارکران و قاچاخچییەکیش دەستگیرکرا.
لەلایەکی ترەوە ٣٨ کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئیزمیر ڕزگارکراون کە لە بەلەمێکی لاستیکدا بوون و لەلایەن یۆنانەوە ناچارکرابوون ڕووبکەنە ئاوە ھەرێمییەکانی تورکیا.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەم تەرمی ١٥ ژن لەکاتی ڕووداوەکە دۆزرانەوە و لە هەردوو بەلەمە نقوم بووەکەش ٨٠ سەرنشین بێسەروشوێن بوون.