ساردکەرەوە و تەلەفزیۆن بۆ ڕۆژنامەنووسانی باکووری کوردستان دابین ناکرێت

دۆخی ڕۆژنامەنووسانی زیندانی باکووری کوردستان لە زینداندا خراپە و ساردکەرەوە و تەلەفزیۆنیان بۆ دابین ناکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

١٢ ڕۆژنامەنووسی کورد لە باکووری کوردستان لە زیندانی ئامەد جۆری D بۆ زیندانی جۆری F  گوازرانەوە، لە زیندانیشدا بەپێی قسەی کەسوکاری زیندانیان ئامێری ساردکەرەوە و تەلەفیزیۆنیان بۆ دابین ناکرێت و دۆخیان خراپە.

 

ئەبرو گۆرکن، خوشکی ڕۆژنامەنووس عۆمەر چەلیک، هەفتەی ڕابردوو سەردانی زیندانی کردووە و دەربارەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان، بە ئاژانسی فورات نیوزی ڕاگەیاندووە کە هەرچەندە مانگێک تێپەڕیوە، بەڵام پێداویستییەکانی ڕۆژنامەنووسان دابین ناکرێت، تا ئێستاش ساردکەرەوە و تەلەفزیۆنیان بۆ دانەنراوە لە زینداندا.

 

ئەبرو دەربارەی دۆخی ئەو ڕۆژنامەنووسانی گوازراونەتەوە بۆ جۆری Fی زیندان وتی: پلەی گەرما لە دەوروبەری ٤١ پلەیە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ساردكەرەوەكە دابین نەكراوە، دووشەممەی ڕابردوو کاتێک سەردانی عومەرم کرد وتی تا ئێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە، جاروبار کتێب دەدرێت و هەموو کاتێک لەبەردەستماندا نییە.

 

ئەبرو گۆرکن ڕایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، هێشتا ڕەوشی بێ یاسایی بەردەوامە، لە کاتێکدا بانگەوازی دیموکراسی لەو وڵاتەدا دەکرێت، "بەداخەوە ئەمە وا نییە و دیموکراسی بوونی نییە، ناوەڕۆکەکە ناگۆڕێت، چەمکەکەش وەک یەکە. من دەمەوێت براکەم و هاوڕێکانی ئازاد بکرێن".

 

لە ٨ی حوزەیران زیاتر لە ٢٠ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کران و پۆلیسی تورکیا هەلیکوتایە سەر ناوەند و دەزگا ڕاگەیاندنییەکان و دەستی بەسەر کەلوپەلی ڕۆژنامەنووساندا گرت، دواتر ١٦ ڕۆژنامەنووس بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا و لە زینداندا مانەوە.